یەکێتیی پەیامێکی توند ئاراستەی پارتی دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە پارتی یەکێتی


Sep 24, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - یەکێتی نیشتمانی: باڵی سەرکردایەتی خۆسەپێنی ناو پارتی بە خیتابی نا بەرپرسانەی تەخوین مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامی ریفراندۆمدا کرد.


مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە ساڵرۆژی ریفراندۆم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە:

لای ھەمووان ئاشکرایە کە مافی ریفراندۆم و بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی گەلەکەمان خۆی لە خۆیدا، بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، مافێکی رەوا و دیموکراتییە، و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خەباتی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس کردووە و لەم پێناوەدا ھەزاران شەھید و قوربانی داوە، وەک پرەنسیبی نەگۆڕی خۆی لەگەڵ رەخساندنی ھەلومەرجی دروست و گونجاو  بووە بۆ پیادەکرنی ئەو بژاردە دیموکراسی و نیشتمانییە،  کە دەبوایە لە ریفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧یشدا، بە ڕەچاوکردنی ھاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەی وردی ھەلومەرجی وڵات و بە ھەماھەنگی لەگەڵ دۆستانی گەلەکەمان کە ئامۆژگاری و پێشنیازی  دۆستانەیان کردین لە دۆخێکی باشتری تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی کرابا، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە باش و خراپەکانیشدا ھەمووان پێکەوە شانیان دابایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەرکەکان.
  بە داخەوە دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم وا نەکەوتەوە کە ھیوای سەربەخۆیی کوردستان بەدیبھبێنێت.

جا لەجیاتی ئەوەی سەرکردایەتی ئەوسای ریفراندۆم، بە تایبەتیش باڵی سەرکردایەتی خۆسەپێن و قۆرخکاری ناو  پارتی، شان بداتە بەر ئەرکەکانی چارەسەرکردنی لێکەوتەکان و ساڕێژی برینەکانی دوای شکست، کەچی بە خیتابی ناڕەوا و نا بەرپرسانەی تەخوین و درز خستنە ریزەکانی گەلەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەخوازراوەکانی پرۆسەی ریفراندۆمدا کرد، بە جۆرێک لە جێبەجێکردنی بەڵێنی سەربەخۆیی پاشگەزبوونەوە و پرۆسەی ریفراندۆمیان کردە دەسکەلای موزایەدەی ناوخۆیی و بە کردەوەش خاکی کوردستانیان، لە ناوچە دابڕاوەکان، بۆ قەدەری کەینوبەینی ژێربەژێر و موساوەمەی نابەرپرسانە بەجێھێشت ، بەتایبەت کە ئەوکات جومگە سەرەکییەکانی حکومڕانیان بە دەست بوو، بۆیە لە ئاستی دەرەوە دەستیاندا بە خۆچەماندنەوە و سڕکردنی ئاکامی ریفراندۆمەکە و پاڕانەوە و پێشکەشکردنی سازش لەسەر سازش، لە ئاستی ناوخۆشدا شانازی درۆزنانەی بە ریفراندۆمێکی بێ ئاکامیان ،کردە گوتارێکی سیاسیی ھەرزان،  بێ گوێدانە دەرئەنجامە خراپەکانی دواتر لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان. ھەر ئەو کاتەش یەکێتی و  ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی ئازایانە لە مەیدانی نەبەردیدا شەھید و قوربانیان بەخشی و بۆ پاراستنی خەڵکەکەشمان بەدیدێکی دوورمەودای نەتەوەییانە ڕێی مانەوە و خۆڕاگری بەرپرسانەیان گرتەبەر، لە کاتێکدا لایەنی تر لە کۆڕی رووبەرووبونەوەدا ھەڵھاتن و لە سەکۆی ھاشوھوشی ئیعلامیشدا تۆزی شکستیان بە تەخوین و تۆمەتبارکردنی ھێزە نیشتمانییەکان داپۆشی و نەیانھێشت ھەلومەرجی ھەڵسەنگاندنێکی دروست و بابەتی بۆ پرۆسەکە بێتە کایەوە تاوەکو کەمتەرخەم و لایەنی بەرپرس لە شکستەکەی ریفراندۆم و بەدواھاتووەکانی لە ئۆکتۆبەری ھەمان ساڵدا، دەستنیشان بکرێت.

خوشک و برایانی خۆشەویست
سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بیرەوەری حەوت ساڵەی دەرئەنجامی ریفراندۆمدا کە ھاوکاتە لەگەڵ وادەی موژدەبەخشی ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان، پشت بەستوو بە ھۆشیاری گەلەکەمان و ویستی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و بەرپەرچدانەوەی چەوتی و قۆرخکاری لە سیاسەت و ئیدارەدا، کۆششی گەورە بۆ پێچانەوەی دۆخی دژواری رابردوو دەکات و ئومێدی زۆری بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ھەیە کە سزای سیاسەتی سەرکێشانە و پاوانخوازی و بێ پەروایی بدەن و چانسی نوێ بخەنە بەردەم گەلەکەمان تا حکومڕانییەکی بەرپرس و لێوەشاوەتر بێتە کایەوە و جارێکی تر، وەک سەردەمی زێڕینی سەرۆک مام جەلال، سیاسەتی ژیرانەی یەکێتی و دەربەستییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی، پێکەوە لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادیدا، بڕیاری دروست لەسەر ئایندەی کوردستان بدات، بە جۆرێک لەسەر دوو پایەی پتەوی باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و پێداگری لەسەر ویستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بەگوێرەی ئیستحقاقی دەستووریی خۆمان، پەیوەندییەکی ھاوسەنگ و تەندروست لەگەڵ بەغدا بێنێتەکایەوە. دوور لە خیتابی ھەڕەشە وگوڕەشەی بێبنەمای سەردەمی ئاھەنگسازی ریفراندۆم و دوور لە خیتابی چەمانەوەیان دوای لێکەوتە شەرمەزارییەکانی راکردنیان لە ھەموو بەرەکانی رووبەرووبوونەوە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دا.

کوردستانیانی خۆشەویست
بۆ پێشەوە بەرەو ڕاستکردنەوەی رێڕەو و گرتنەوە دەستی جارەنووسی گەلەکەمان بە گوێرەی ستراتیژێکی کوردستانیانەی ڕاستەقینە، دژ بە ھەرزان فرۆشی و پشت بەستن بە ھێز و ئەجیندای گوماناوی ئیقلیمی.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٤-٩-٢٠٢٤


کامەران کەریم