نێچیرڤان بارزانی: کاتی گونجاوە هاوکارییەکی راستەقینە لەگەڵ عێراقییەکاندا دروستبکەین

(0) / / کردستان / زایەڵە نێچیرڤان بارزانی پارتی سلێمانی


Oct 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

نێچیرڤان بارزانی لە کاتی بانگەشەکردن بۆ بەربژێرانی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند: "بە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەڵێین، ئێستا کاتی گونجاوە بە یەک بەرنامە و ستراتیژیی هاوکارییەکی راستەقینە لەگەڵ عێراقییەکاندا دروستبکەین لە پێناو جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و نەهێشتنی بێبەشکردنی کوردستان لە ماف و بەشەبودجەکەی لە عێراقدا".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان ئەمڕۆ چوارشەممە 06-10-2021 لە سلێمانی بانگەشەی بۆ بەربژێرانی پارتەکەی کرد.
ناوبراو ڕایگەیاند: "کوردستان نموونەی پێکەوەژیانە لەگەڵ پێکهاتەکان و ئایین و نەتەوەکانی تر، نابێت ئەو جیاکارییە لە نێوان خۆماندا بمێنێت و وەک کورد، وەک خەڵکی یەک شار و ناوچە دەبێت ئەو جیاکارییە لە ناو ئێمەدا بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت."
 لە میانی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکان نارد و ئاماژەی بەوە دا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پارتی سلێمانی فەرامۆشنەکردووە، پارتی و سلێمانی پێکەوەبەستراون، پارتی و سلێمانی پێکەوە جوانن و بە دڵنیاییەوە پارتی و سلێمانی پێکەوە سەردەکەون".
ئاماژەی بەوەش دا: "مێژوو شاهێدە پارتی بە هیچ شێوەیەک غەدر و سەپاندن قبووڵ ناکات، بەڵام بە نەرمی و لە پێناو کوردستاندا پارتی ئامادەیە لە بەشی خۆی بداتە هاوپەیمانەکانی".
وتیشی: "کاتێک کە دێمە سلێمانی و سلێمانی دەبینم، زۆر دڵخۆش دەبم، چونکە بەڕاستی سلێمانیم خۆشدەوێ، سلێمانی شاری دایکمە، شاری باپیر و خزمەکانمانە، سلێمانیم خۆشدەوێت چونکە شاری ئەدەب و کوردایەتی و شاری هونەر و رۆشنبیرییە، شاری هەڵمەت و قوربانییە. بۆیە ئەو مافەم پێبدەم کە من نیوە سلێمانیم و نیوەی خەڵکی شارەکەتانم".
ڕاشیگەیاند: لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێک لە لایەنەکان پەیام و لێدوانی تووندیان ئاراستەی یەکدی کرد، نێچیرڤان بارزانی لەو بارەوە دەڵێت، "پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ هەموومان ئەوەیە نەرم بین و ئارام بین، دەزانم و دەبیستم هەندێک کەس و لایەن هەموو توانا و تەکتیکێک بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر پارتی و هەموو پارتییەک، بەڵام دیسانەوە پێیان دەڵێین ئارام و لەسەرخۆبن و لە قسەی سەرۆک دەرنەچن".
 یەکێکی دیکە لە تەوەری قسەکانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوو و رایگەیاند، "ئێستا لایەنە عێراقییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ دژایەتی کوردستان ناکەن، چونکە دوای خۆپێشاندانەکانی تشرین خەڵکی عێراق تێگەیشت کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەیوەندی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات هەیە لەلایەن ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتیان لەو سنوورەدا هەیە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش وایە. ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە هیچ لایەنێک بیەوێت بە هێرشکردن و پەلاماردانی پارتی لەو ناوچەیە دەنگ کۆبکاتەوە."