یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیێندراو؛ هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک لە عێراق
/
عراق
/
عێراق
زایەڵە
شاسوار عەبدولواحید
ئۆپۆزسیۆن
لەسەر ئاستی عێراق "هاوپەیمانى لەپێناو خەڵک" راگەیەنرا وەکوو یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی وڵات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەکە دەکات.
هاوپەیمانێتییەکە بەشدارى لە پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق ناکات و هیچ پۆستێک وەرناگرێت و وەک هێزێکى کاریگەرى ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانى عێراقدا کاردەکات.
شاسوار عەبدولواحید لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "ئامانجەکانی ھاوپەیمانێتییەکە ئامانجی گەل و تەواوی خۆپیشاندەرانە."
ڕاشیگەیاند: "موچەى هەرێم و هاوتاکردنى موچەى پێشمەرگە بە سوپاى عێراق لە بنەماکانى هاوپەیمانێتیی لەپێناو خەڵکدان."
سەرۆکی ھاوپەیمانێتی لە پێناو خەڵک ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکاتێکدا حزبەکانی دیکە کۆبوونەوە بۆ پۆستەکان دەکەن ئێمە دەڵێین کە ھیچ پۆستێکمان ناوێت" وتیشی، "ماددەى ١٤٠ و چارەسەرکردنى پرسى ناوچە جێناکۆکەکان لە بنەماکانى هاوپەیمانێتیی لەپێناو خەڵکدان".
ئەوەشی خستەڕوو، "بێ سەقامگیری ناکرێت دەوڵەتی هاونیشتیمانیی دروستبکرێت و پێویستە پەلەبکرێت لە بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان لەپێناو داهاتووی نەوەکان و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک."
لە ئێستادا، ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانێتییەکە ٢٨ کورسییە و لە داهاتوودا رەنگە ژمارەی کورسییەکان بگاتە ٤٠ کورسی، لایەنە بەشداربووەکانى هاوپەیمانێتییەکەش پێکهاتوون لە "جوڵانەوەى نەوەی نوێ، بزوتنەوەی ئیمتیداد، قەوارەی میللی سەربەخۆ و ژمارەیەک کاندیدی سەرکەوتووی سەربەخۆ."
لە ناو هاوپەیمانێتییەکەدا بابەتی ناردنی موچە بۆ هەرێم و هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراقیی و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان جێگیرکراوە و هەموو پەرلەمانتارەکانی هاوپەیمانێتییەکە پابەندن پێوەی.
تێبينيێك بنێرە: