هەشت بڕیار بۆ ڕێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی ناوخۆ
/
اقتصادی
/
زایەڵە
کشتوکاڵ
هەرێمی کوردستان
هێلکە
مریشک
وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم هەشت بڕیارى بۆ ڕێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی ناوخۆ دەرکرد، کە دوانیان تایبەتن بە بەرهەمى هێلکە و مریشک.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بڕیاردراوە لەسەر زیادکردنی رێژەی هەناردەکردنی بەرهەمی هێلکەی خواردن بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی پارێزگای هەولێر لە %30 بۆ بۆ %40 لەبەرهەمی پڕۆژەکانی هەولێر دوابەدوای دابین کردنی رێژەی پێویستی هاولاتیان.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها بڕیاردراوە گواستنەوەی بەرهەمی مریشکی کوشتارگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ هەولێر کارئاسانی بۆ بکرێت.
دەقى راگەیەنراوەکە:
لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاولاتیان و خاوەن پڕۆژەکان چەندین بڕیاری گرنگ پەسندکران
چوار شەمە ، 2022/2/16 لە دیوانى وەزارەت بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی کۆبونەوەیەکی هاوبەشی گرنگ ئەنجامدرا،لەگەڵ لێژنەی پێداویستی شار لە پارێزگای هەولێر کە پێکهاتبوون لەبەڕێزان:جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و بەرێوەبەری کاروباری ناوخۆ و بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی، بە ئامادەبوونی راوێژکار و بەرێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵی و فێتێرنەرى وبەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەت.
ئامانجی ئەم کۆبونەوەیە بریتی بوو لە هەماهەنگی زیاتر بۆ ڕێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی ناوخۆ وکەمکردنەوەی رۆتین و ئاستەنگەکان لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەلەبەرچاوگرتنی بەرهەمی پڕۆژەکان و پێویستی بازاڕ و هاوڵاتیان، بەتایبەتی لە بەرهەمی پڕۆژەکانی هێلکە و پڕۆژەکانی گوشتارگە پەلەوەریەکان و بەرهەمهێنانی قارچک و گواستنەوەی دەرمانی فێتێرنەری لە نێوان پارێزگاکانى هەرێم.
لەم کۆبونەوەیەدا گفتوگۆی وورد ئەنجامدرا دەربارەی باسکردنی کێشەکان و ئالوگۆری بیروڕاکان و پێشنیارەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاولاتیان و پارێزگاری لەبەرهەمى خۆمالى پڕۆژەکان و چاودێری کردنی کوالێتی و نرخى بەرهەمەکان ،چەند خاڵێکی زۆر گرنگ بریاری لێوەدراو لە نێوان هەردوولادا گەڵالە و پەسند کران :
١/جەختکرایەوە لەسەر پارێزگارى و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ و زیادکردنی رێژەی هەناردەکردنی بەرهەمی هێلکەی خواردن بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی پارێزگای هەولێر لە %30 بۆ بۆ %40 لەبەرهەمی پڕۆژەکانی هەولێر دوابەدوای دابین کردنی رێژەی پێویستی هاولاتیان.
٢/بریاردرا بە کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی ئاستەنگ بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان لە رێگەی بازگەکانەوە, کە تێیدا میکانیزمی گونجاو دیاری کرا ،بەپێی پشتگیری بەرێوەبەرایەتی پەیوەندیداری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ,بۆ بەرێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر ، لەوێشەوە بۆ بازگەکان تاوەکو ئاستەنگ و رۆتین لەبەردەم گواستنەوەی بەرهەمی هێلکەی ناوخۆی نەمێنی .
٣/تایبەت بە گواستنەوەی بەرهەمی مریشکی گوشتارگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ هەولێر بریاردرا کارئاسانی بکرێت ،بەهەمان شێوە بەپێی راپۆرتی پزیشکی و ئەو مۆلەتانەی کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکان و بەرێوەبەرایەتی فێتێرنەری دراوە بەهەماهەنگی لێژنەی کاروباری ناوخۆی هەولێر، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی بازگەکان و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی ،کە هۆکارێکی بەهێزی کەمکردنەوەی قەیرانەکان و دابینکردنی هەلی کار و باشترکردنی جموجۆلی بازرگانی و ئابورین .
٤/بریاردرا بە نەبوونی ئاستەنگ و رۆتین بەرامبەر بە گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانى .
٥/رێگە درا بە گواستنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی کێلگەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی قارچک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمدا.
٦/وە رێگەپێدان لەرێگەی دانانی میکانیزمێک لەنێوان ب.گشتی سامانی ئاژەڵ و فێتێرنەری و بەرێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ ,بەمەبەستی گواستنەوەی دەرمانی فێتێرنەری لە نێوان کۆمپانیاکانی دەرمان و کلینیکە فێتێرنەریەکانی هەرێمی کوردستان .
٧/بریاردرا کە لێژنەکانی دیاریکردنی پێداویستی شار لەلایەن پارێزگاکانی هەرێم کۆبونەوەی وەرزی هاوبەش ئەنجام بدەن, بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و هەماهەنگی و کارئاسانی و پاڵپشتی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
٨/بریاردرا کە کۆبونەوەی لێژنەکانی دیاریکردنی بەروبووم لە بری سێ مانگ جارێک ,بۆ لەمەودوا بەشێوەی مانگانە، مانگی جارێک کۆبونەوەکان ئەنجام بدرێن ,بە مەبەستی دیاریکردنی پێداویستەکانی هاولاتیان و ئامادەکردنی راپۆرتی پێداویستیەکان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو .
ئەم بڕیارە گرنگانە لە داهاتوودا لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پارێزگای هەولێر کاری پێدەکرێت، لە پێناو نەهێشتنی ئاستەنگەکان و رێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی و دابینکردنی پێویستی بازاڕی هاولاتیانی هەرێمی کوردستان.
تێبينيێك بنێرە: