نێچیرڤان بارزانی: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مه‌ترسیى هێرشی سەر هەولێر زۆر بە جددی وەربگرن

(0) / / جهان / زایەڵە نێچیرڤان بارزانی هەرێمی كوردستان تیرۆریستی هەولێر


Feb 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان دەکات مه‌ترسیى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كاربكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستوری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140.
بەپێی ڕاپۆتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەراگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، "هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردو كە بە موشەك كرایە سەر هەولێر و بوه‌ هۆى گیانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برینداربونى نۆ كه‌سى دیكە کە ژماره‌یه‌كیان ئەمریكین، بە توندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییه‌كه‌ دەكەین و هیوای زوچاكبونەوە بۆ برینداران دەخوازین".
ئاماژەی بەوەش کردوە، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان دەکات مه‌ترسیى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كاربكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستوری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کردوە، "داوا لە سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەییی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەم، بە خێرایی میكانیزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقییه‌كان بە بەشداریی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن".
ئەوەشی خستەڕو، نه‌بونى هه‌ماهه‌نگى و هەبونی هه‌ندێك هێز و گروپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فیدراڵ، بونه‌ته هۆى ئاڵۆزیى ناوچه‌كه و وایكردوە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت، بۆیه‌ داوا له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دەکات به‌په‌له‌ لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵینه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكمه‌تى فیدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زوترین كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى یاسایى بگه‌یه‌نرێن.
كاتژمێر 9:30 شەوی دوشه‌ممه‌ چه‌ند موشه‌كێك ئاراسته‌ی شاری هه‌ولێر و ده‌وربه‌ری كران و به‌ر چه‌ند شوێنێك كه‌وتن، له‌ ئه‌نجامدا به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، چه‌ند كه‌سێك برینداربون، دواتریش یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا، کە بەرەگەز ئەمریکین.