بە کرووزانەوە نابێت / کاوێز مەلا پەروێز

(0) / / مقالە / زایەڵە کاوێز مەلا پەروێز کەرکوک سەرژمێری


Nov 10, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ـ هەر پرسێک دێتە پێشەوە کورد لە دوا کاتەکان دەست بە کرووزانەوە دەکات و، بەردەوام پاساوی نالۆژیکی بۆ دۆخەکان دەهێنێتەوە. هەر کەسێک بیەوێ پێیدا بچێتەوە، دەبینێ لە دوو هەزار و سێ ـوە فرسەت دوای فرسەت بۆ کورد هەڵکەوتووە و نەزانەکان لەباریان بردووە و دواتریش کرووزاونەتەوە کە گوایە ئێراق دژایەتیی کورد دەکات، بەمەیش خۆیان لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەمان لە پرۆسەی سەرژمێری، دیسانەوە نووزە نووزی کوردی بەرز بووەوە! کوردینە لە جیاتی کرووزانەوە وەرنەوە بۆ کەرکووک، وەرنەوە نەک تەنیا بۆ سەرژمێری، بەڵکو ببنەوە بە کەرکووکییەکی ڕاستەقینە.
 
هیچ لەمپەرێک نییە بۆ هەر کەسێک بیەوێ لە کەرکووک جێگیر بێت، خۆ دەشکرێ ئەم سەر ژمێرییە بکەین بە فرسەت بۆ هەر کوردێک کە بیەوێ ببێت بە بەشێک لەو ژمارەیە کە سەتساڵە شەڕی زۆری و کەمیمان پێ ئەفرۆشن.
 
بە هەر هۆکارێک بێ کە نایەیتەوە بۆ شارەکەت گلەیی لەم و لەو مەکە. جا بەدبەختی ئەوەیە ئەوانەی زۆر ئەکرووزێنەوە زۆربەیان ئەوانەن دەم لە کوردایەتی ئەکووتن، زۆرێک لەو “کوردایەتیە فرۆشانە” بەشێک بوون لەو کەرەسە میدیاییە کە کەرکووکیان وەک دۆزەخ نیشانئەدا.

ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی