دانەگاز: کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە
(0) /
زایەڵە - کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت، هێرشە مووشەکییەکانی چەند رۆژی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هیچ زیانێکیان نەبووە و هیچ کەسیش لەو هێرشانەدا بریندار نەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بەشێوەیەکی ئاسایی لە کێڵگەکە بەردەوامە. بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم 250 بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە.
کۆمپانیای دانەگاز کە کاری بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات رۆژی 27-6-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "دانە گاز رایدەگەیێنێت کە دوای رووداوەکەی رۆژی 22ی حوزەیران، دوو مووشەکی دیکە لە رۆژانی هەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتنەخوارەوە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەو هێرشانەدا کەس بریندار نەبوو؛ هەروەها هێرشەکان هیچ زیانێکیشیان نەبوو. چالاکییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن، بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم 250 بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە باری ئەمنی تووندوتۆڵتر دەکرێت".
کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت: "کۆمپانیاکە لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق پاڵپشتیی بەهێزیی خۆیان دەربڕیووە. وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئەم هێرشانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی گرتووەتەربەر بۆ زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە کۆرمۆر، لەوانەش هێنانی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوەکان".
تێبينيێك بنێرە: