پەسندکردنی هەمواری یاسای نەوت و گاز لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە نەوت و گاز هەرێمی کوردستان


Jun 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - پەرلەمانی کوردستان بە 79 دەنگ هەمواری یاسای نەوت و گاز پەسند دەکات .

هەمواری یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە دەنگی 79 پەرلەمانتار پەسند کرا.

 جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێت: "گۆڕانکاریی زۆر لە یاساکەدا نەکراوە و تەنیا یەک کەس بۆ ئەنجوومەنەکە زیادکراوە."

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریش دەڵێت: "دەنگمان بە یاساکە نەداوە، چونکە جگە لە زیادکردنی کەسێک کە پارتییە هیچ شتێکی دیکە لە هەموارەکە نەبوو."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-6-2022، گولیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا نەکراوە، بەڵکو ئەوەی گۆڕا تەنیا ماددەی چوارەمی یاساکە بوو کە پەیوەندیی بە ئەنجوومەنی هەرێمیی نەوت و گازەوە هەیە."

گولیزار رەشید دەشڵێت: "ئێستا تەنیا یەک کەس زیادکراوە و بۆ لەمەودوا ئەنجوومەنەکە کارا دەبێت و دەست بەکارەکانی و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەکات."

 21-3-2022، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، "بەپێی ماددەی چوارەمی یاساکە، ئێستا ئەنجوومەنی هەرێمیی نەوت و گاز بریتین لە پێنج ئەندام، بەپێی هەموارە نوێیەکە کە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی بۆ زیاد دەکرێت و دەبن بە شەش کەس".

 هەروەها دابان محەممەد، پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئەو ئەنجوومەنە تائێستا هەر کۆنەبووەتەوە بە گوێرەی درووشمی حیزبەکان بێت دەبوو کۆمپانیای نەوتیش دروست بکرێت. ئەم یاسایە هیچ بڕگە و ماددەیەکی جێبەجێنەکراوە، لە بری جێبەجێکردنی، ئەندامێک زیاد دەکەن بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوە و بڕیارەکان پارتی زۆرینە بێت."

هاوکات عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، "کۆمەڵی دادگەری دەنگیان بە هەمواری یاساکە نەداوە."

 گوتیشی: "ئەوە سێ ساڵە حکومەت پێکهێنراوە ئەنجوومەنی نەوت و گاز تائێستا لەم کابینەیە هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە، کە کۆبوونەوەشی نەکردووە، هیچ یەکێک لە ئەرکەکانی لە دروستکردنی کۆمپانیای دەرهێنان، فرۆشتنی و شەفافییەتی نەوتی جێبەجێنەکردووە."

 سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی: "ئەنجوومەنەکە لە پێنج کەس پێکهاتبوو کە تەنیا دووانیان پارتی بوون سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری سامانە سرووشتییەکان، جێگری سەرۆکی حکومەت یەکێتییە، وەزیری پلاندانان یەکێتییە، وەزیری داراییش لە بزووتنەوەی گۆڕان، بۆیە ئەگەر بڕیار لەبارەی هەر شتێک بدرێت پارتی نەیدەتوانی رۆڵی هەبێت لە پەسندکردن یاخود پەسند نەکردن، چونکە ئەوان دوو کەس بوون، بەڵام لە هەمواری یاساکە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنیان زیاد کردووە، ئێستا پارتی دەتوانێت هەر یاسایەک کە دەیەوێت پەسندی بکات یاخود رەتیبکاتەوە."

بەپێی ماددەی چواری یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز پێکدێت لە "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران - سەرۆک، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران - جێگر، وەزیرانی سامانە سرووشتییەکان، دارایی و پلاندانان بە پلەی ئەندام."

 پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 8دا لە رۆژی 06-08-2007 یاسای ژمارە 22ی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی پەسند کرد کە لە 61 ماددە پێکدێت و ئەوە یەکەمجارە کە یاساکە هەموار دەکرێتەوە.

 عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە دەنگی بە یاساکە نەداوە پێیوایە، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر زۆرینە بێت لە ئەنجوومەنەکە یاخود نا لە پرسی نەوت "بڕیارەکانی خۆیان جێبەجێدەکەن." لەو بارەوە گوتی، "یاساکە هیچ شتێکی جەوهەری تێدا نەبووە تاوەکو دەنگی پێبدەم چەندین ماددەی دیکەی هەیە پێویست بوو جێبەجێبکرێت وەک دروستکردنی سندووقی داهاتی نەوتی و چەندین بابەتی دیکە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە."

ئەو هەموارکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدایە، رۆژی 15ى شوباتى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى بە پێچەوانەى دەستوور دانا کە لە ساڵى 2007 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەرکراوە.

 هەروەها دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتەکەى بە حکومەتى فیدراڵى، دواتریش وەزارەتی نەوتی عێراق ژمارەیەک رێوشوێنی بەرامبەر بە دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان گرتەبەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دیکەش رەتکرایەوە، بەتایبەت بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی.