عێراقییەکان دەتوانن لە قەزای قەسری شیرین وەبەرهێنان بکەن
(0) /
جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ هەماهەنگی کاروباری ئابوری ڕایگەیاند کە لە زووترین کاتدا وەبەرهێنەرانی عێراقی دەتوانن لە قەزای قەسری شیرین وەبەرهێنان بکەن.
هەدایەت حاتەمی لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری زایەڵە، ڕایگەیاند: زەوییەکی هەزار و 500 هێکتاری بۆ کردنەوەی شارۆچکەی پیشەسازی نێودەوڵەتی لە ناوچەی تایبەتی ئابوری قەسری شیرین دیاری کراوە.
ناوبراو وتی: لەو زەوییەش 500 هێکتار بە تەنیا بۆ وەبەرهێنەرانی عێراقی ئامادە دەکرێت تا بتوانن کارگە و یەکە پیشەسازییەکانی خۆیان لەوێ بکەنەوە.
جێگری پارێزگاری کرماشان وتی: هەروەها 500 هێکتاری دیکە تایبەتە بە وەبەرهێنەرانی وڵاتانی دیکە و ئەو 500 هێکتارەکەی دەدرێتە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی ئێران.
حاتەمی وتی: ئەم زەوییە لە قۆناغی ئامادەکردندایە و لە زووترین کاتدا ئامادە و ڕادەستی وەبەرهێنەران دەکرێت.
وتیشی: ئەو وەبەرهێنەرە عێراقییانە کە دەیانەوێت کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن دەتوانن سەردانی دیوانی پارێزگای کرماشان بکەن.
کرماشان بەهەشتی وەبەرهێنان
حاتەمی لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەی لە گەڵ زایەڵە، بە ئاماژە بە دەفرایەتییە ئابورییەکانی پارێزگای کرماشان، ئەم پارێزگایەی بە بەهەشتی وەبەرهێنان ناو برد.
ناوبراو وتی: بەدەر لە دەفرایەتییەکانی گەشتیاری، کشتووکاڵی و پیشەسازی کرماشان، ژێرخانی پێویست بۆ گەشە و وەبەرهێنان لەم پارێزگایە دابین کراوە.
جێگری پارێزگاری کرماشان وەبەرهێنانی بە تاکە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ناو برد و وتی: بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران، گرنگیمان بە باشترکردنی ڕەوشی کسم و کار و هەروەها خێراتربوونی پێدانی موڵەتەکان داوە.
وتیشی: لێژنەیەکی تایبەتی ئابوری لە پارێزگای کرماشان بە ڕێنمایی پارێزگار ڕەوتی خێراتربوونی وەبەرهێنانی بە تایبەت لە پرۆژە ستراتیژییەکان لە ئەستۆ گرتووە و بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی ئابوری و جێبەجێکردنی پرۆژەکانیش دەکات.
ئامانجێکی 20 هەزار ملیار تمەنی بۆ وەبەرهێنان دیاری کراوە
جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ هەماهەنگی کاروباری ئابوری لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەی لە گەڵ پەیامنێری زایەڵە، وەبەرهێنانی بە هۆکارێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ناو برد و وتی: ئەمساڵ بۆ ڕاکێشانی 20 هەزار ملیار تمەن وەبەرهێنان پلانمان داڕشتووە کە تا ئێستا بەشێکی زۆریشی مسۆگەر بووە.
حاتەمی وتی: ڕاکێشانی ئەم ڕێژەیە لە وەبەرهێنان لە کاتێکدایە کە وڵاتی ئێران ڕوبەڕوی شەڕێکی هەمەلایەنەی ئابوری بووەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی دوو کۆنفرانسی گەورەی وەبەرهێنان لە کرماشان، وتی: لە سەرەتای ئەمساڵی کۆچی هەتاوی تا 15 ی بەفرانبار 2 هەزار و 30 موڵەتی وەبەرهێنان لە کەمتر لە دوو هەفتەدا دەرکراوە کە تا کۆتایی ساڵ دەگاتە زیاتر لە 2 هەزار و 300 موڵەت.
ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران باس لە دابەزینی لە سەدا 1.2 ی ڕێژەی بێکاری لە پاییزی ئەمساڵ بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو دەکات و پیشان دەدات کە ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان وەک پارێزگایەکی ڕۆژئاوای ئێران بۆ یەکەم جار لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.
بە پێی ئامارەکانی تایبەت بە هێزی کار کە بەم دواییانە بڵاو بووەتەوە، ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان لە پاییزی ئەمساڵ گەیشتووەتە لە سەدا 9.4 کە بەراورد بە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 1.2 دابەزیوە.
لە ئێستادا زیاتر لە 30 هەزار کەس لە نزیکەی یەک هەزار یەکەی وەبەرهێنان و پیشەسازی لە پارێزگای کرماشان سەرقاڵی چالاکین./.
تێبينيێك بنێرە: