پەرلەمانتارێک بەدواداچوون بۆ دانیشتوانی "چەرموو سیتی" لە چەمچەماڵ دەکات
/
کردستان
/
زایەڵە
چەرموو
سیتی
چەمچەماڵ
زایەڵە - پەرلەمانتارێک بەدواداچوون بۆ دانیشتوانی "چەرموو سیتی" لە چەمچەماڵ دەکات.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، سەبارەت بە سکاڵاو داوای دانیشتوانی پڕۆژەی شاری نیشتەجێبوونی (چەرموو سیتی) لە چەمچەماڵ کە لەلایەن کۆمپانیای (بەڕێز)ە وەک پرۆژەیەکی وەبەرهێنان جێبەجێکراوە، دوای بەدواداچوون گەیشتینە ئەم دەرئەنجامانەی خوارەوە،هەردوو لایەن، حکومەتو کۆمپانیا، کەمتەرخەم بوون لە سەوزایی ناو پڕۆژەکەو تا ئێستا هیچیان نەکردووە بۆ دروستکردنی پارک وسەوزکردنی ئەو ڕووبەرانەی بۆ سەوزایی لەناو پڕۆژەکە تەرخان کراون، بەتایبەت کە لە (٥٠%)ی سەوزکردن لەسەر کۆمپانیا بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بە ئاراستەی ئەرکەکانی لە سەوزکردن نەناوە. کۆمپانیا کەمتەرخەم بووە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە "تەواوکردنی تەواوی پێکهاتەکانی پرۆژەکە" بەو جۆرەی لە نەخشەو دەرخستەو گرێبەستەکەیدا هاتووە، هەرئەمەش هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەکە بووە، لە کاتێکدا چەندینجار ماوەو مۆڵەت دراوە بە کۆمپانیا.
وتیشی، کۆمپانیا کەمتەرخەم بووە لە دروستکردنی (بینایەکی بازرگانی، شاری یاریی، بینایەک بەناوی Mixed Sport) لەناو پرۆژەکەو تا ئێسنا دروستی نەکردوون، لە کاتێکدا دەیتوانی هاوتەریب بە دروستکردنی یەکەکان ئەم کارانە ئەنجام بدات. حکومەت کەمتەر خەم بووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری وەک (قوتابخانە، دایەنگە، باخچەی ساوایان، بنکەی تەندروستی) بەتایبەت لە کاتێکدا شارەکە ئاوەدانەو زیاتر لە (١٣٠٠ خێزان) ڕۆژانە پێویستیان بەو خزمەتگوزارییانە هەیە. سەرەڕای کێشەی ئاوی خواردنەوە لە چەمچەماڵ، دانیشتوانی چەرموو سیتی کێشەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان هەیەو بەشێک لە ماڵەکان ئەو دوو هەفتەجارەش کە ئاو دەدرێتە چەمچەماڵ، ئەمان هەر ئاویان پێ ناگات.
هێمای بەوەشکرد، بۆ ئەم مەبەستە و بەدواداچوونی زیاتر، ئەم رێکارانەی ترمان گرتووەتە بەر،بە نووسراوی ژمارە (٢٣٦) لە (٢٩ی ٦ی ٢٠٢٢) داوای ڕوونکردنەوەمان کردووە لە (دەستەی وەبەرهێنان) لەسەر لێپێچینەوەکانیان بەرانبەر کۆمپانیا لەسەر کەم و کورتیەکانی پڕۆژەکەو پابەندکردنی بە ئەرکەکانی. بە یاداشتی فەرمی داوامان کردووە وەزارەتی دارایی قیستی قەرزی خانووبەرە لە (١٠ ساڵ)ەوە دوا بخەن بۆ (٢٠ ساڵ)، کە ئەمە یەکێک لە داواکاری دانیشتوانو بەشدارانی (چەرموو سیتی)ە.بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە وەزارەتی شارەوانیو گەشتو گوزار بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت لەو بوارانەی پەیوەندیدارن بە چالاکی وەزارەتەکەیانەوە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی، لەو بارەیەوە داوای پلانو بەرنامەمان کردووە بۆ ئەمساڵی (٢٠٢٢). زۆرینەی بەشداربووانو دانیشتووانی چەرموو سیتی، لە بنەمادا خەڵکی هەژارو مامناوەندن، هەروەها ژمارەیەکی زۆریان کەسو کاری سەربەرزی شەهیدو ئەنفالنو شایستەی خزمەتی زیاترنو نابێت ببنە قوربانی لەنێوان حکومەتو کۆمپانیادا بەتایبەت کە پڕۆژەکە خۆی لە جۆری تێچووی کەم (Low Cost)ەو تایبەتە بە خەڵکی هەژارو کەم دەرامەتو دەبوو حکومەتو کۆمپانیا زۆر بەباشی لێکدانەوەیان بۆ داواو خواست و پێویستی بەشداربوانی بکردایە لە خزمەتگوزاریی.بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی زیاتر.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: