نوسەرو ڕۆژنامەنوسێک بۆزایەڵە: نەخشەڕێگای گرنگی واشنتۆن سازشپێکردنی ریازە بۆ قەوارەی زایۆنی

(0) / / گفتگو / زایەڵە جۆ بایدن قەورەی زایۆنی ئیسرائیل کامیل مەحمود


Jul 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کامیل مەحمود سەبارەت بە سەفەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عەرەبستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ "هەمیشە لەم جۆرە سەردانانەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکادا ئامانجێکی سەرەکی ئیسرائیلە کە دۆخێکی ئارامی بۆ بڕەخسێنێت کە ئێستا نەخشەڕێگای گرنگی واشنتۆن سازشپێکردنی ریازە بۆ قەوارەی زایۆنی بۆ ئەوەی دواتر زەمینە بسازێنێت بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا."

کامیل مەحمود نوسەرو ڕۆژنامەنوس لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند،   سەردانەکەی جۆ باین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وکۆبوونەوەی لەگەڵ سەرانی وڵاتانی ناوچەکە دوای شکستی گەورەی ستراتیژیەتی سیاسی و سەربازی واشنتۆن دێت لەبەدیهێنانی ئامانجەکانی لەم ناوچەیەدا، بایدن دەیەوێت پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دۆستی خۆی ڕێک بخاتەوە دوای ئەوەی شکستەکانی پێگەی واشنتۆنی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لاوازکرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەستی کرد ئێران دەیەوێت دبلۆماسیەتی خۆی بۆ نزیکبوونەوە لەپایتەختەکانی وڵاتانی کەنداو کارا بکاتەوەو پەیوەندییەکانی لەگەڵیان ڕێک بخاتەوە.

وتیشی، هەمیشە لەم جۆرە سەردانانەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکادا ئامانجێکی سەرەکی ئیسرائیلە کە دۆخێکی ئارامی بۆ بڕەخسێنێت کە ئێستا نەخشەڕێگای گرنگی واشنتۆن سازشپێکردنی ریازە بۆ قەوارەی زایۆنی بۆ ئەوەی دواتر زەمینە بسازێنێت بۆڕێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا، سەردانەکەی بایدن لەئیسرائیلەوە بۆ سعودیە گواستنەوەی ئەو دۆسیە ئامادەکراوەیە بۆ ئاشتەوایی لەنێوان ڕیازو تەلئەبیب.

ئامانجێکیتری سەردانەکەی بایدن کۆنترۆڵکردنەوەی بازاڕی نەوتە لەڕێگای فشار خستنە سەر ڕیاز بۆ زیادکردنی بەرەمهێنانی نەوت بەئامانجی دابەزاندنی نرخەکەی لەبازاڕی جیهانیدا.

ماوەتەوە سەر سەرکەوتنی ئەجێنداو پرۆژەی ئەمریکی لەناوچەکەدا کە پێم وایە بە ئاسانی سەرکەوتوو نابێت، چونکە ڕۆڵی ئەمریکا لەناو هاوکێشە مەیدانییەکاندا تەواو لاواز بووە، بەتایبەتی لەسوریاو عێراق و پاشان شکستی هاوپەیمانی عەرەبی نزیک لەواشنتۆن لە یەمەن، کرانەوەی ئێرانیش لەسەر ئاستی دبلۆماسی بەڕووی وڵاتانی ناوچەکەدا هۆکارێکیترە بۆ سەرنەکەوتنی پرۆژەی ئەمریکی، چونکە واشنتۆن هەمیشە مەترسی ئێران لەسەر وڵاتانی ناوچەکەی کردووەتە هۆکارێک بۆ سازشپێکردن و ڕازیکردنیان بەخواستەکانی خۆی.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم