دوو پەیامی ڕاشکاوانەی ئایەتوڵڵاخامنەیی بۆ ئەردۆغان لەمەڕ سووریا و ئەرمەنیا

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران تورکیا ڕووسیا


Jul 19, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا دوو پەیامی ڕوون و ڕاشکاوانەی لەمەڕ سووریا و ئەرمەنیا بە ناوبراو دا.

ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران ئەمڕۆ (سێشەممە) پێشوازیی لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە هێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا وتی: ئەم کارە بە دڵنیاییەوە هەم لە زیانی سووریا و هەم لە زیانی تورکیا دەشکێتەوە و لە زیانی ناوچەکەشە و هەنگاوی سیاسی چاوەڕوانکراو لە لایەن حکوومەتی سووریاش نایەتە دی.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، جەختی لەسەر گرینگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریاش کردەوە.

هەروەها هێرش بۆ سەر سووریاشی لە بەرژەوەندیی تیرۆریستەکان ناوبرد.

ڕێبەری باڵای ئێران لە وەڵام بە داواکاریی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هاوکاریی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستەکان، وتی: لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان بە دڵنیاییەوە لەگەڵتان هاوکاری دەکەین.

بە ئاماژە بەوەش کە ئێران، ئاسایشی تورکیا و سنوورەکانی ئەو وڵاتە بە ئاسایشی خۆی دەزانێت، داوای لە ئەردۆغان کرد کە تورکیاش ئاسایشی سووریا بە ئاسایشی خۆی بزانێت.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە پرسەکانی سووریا دەبێ لە ڕێگای دانوستانەوە چارەسەر بکرێن و ئێران و تورکیا و سووریا و ڕووسیا لە ڕێگای دیالۆگەوە کۆتایی بەم پرسە بێنن.

ڕێبەری باڵای ئێران لە بەشێکی دیکەی دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، وێڕای دەبڕینی خۆشحاڵی لەمەڕ گەڕانەوە قەرەباغ بۆ سەر خاکی ئازەربایجان، وتی: ئەگەر سیاسەتێک بۆ داخستنی سنوورەکانی ئێران و ئەرمەنیا ببێت، کۆماری ئیسلامی ئێران، دژی دەوەستێتەوە، لەبەر ئەوەی کە ئەم سنوورە ڕێگەیێکی چەند هەزار ساڵەیە.