هەڵمەتی روبەروبونەوەی سواڵکردن لە سلێمانی دەستپێدەکات

(0) / / اجتماعی / زایەڵە سلێمانی سواڵکردن


Jul 27, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەمەبەستی چارەسەرکردنی دیاردەی  (سواڵ)دەروەزەکردن لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبونەوەو گفتوگۆیان لەبارەی هۆکار و چارەسەرییەکان کرد.

ئەمڕۆ لە دیوانی قائیمقامیەت بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی و بەشداری نوێنەری دادگای سلێمانی و ئاسایش و پۆلیس و فەرمانگەو هێزە ئەمنییەکانیترو رێکخراوەکانی پاراستنی منداڵ ئەنجامدرا.

قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد ،کە سەرەڕای هەوڵە هەمەلایەنە بەردەوامەکان حاڵەتەکانی سواڵکردن لە سلێمانی زیادیکردووە، تەواوی سواڵکەرەکانیش بەتایبەت منداڵەکان خەڵکانی دەرەوەی پارێزگای سلێمانین و لە ناوچەکانی ترو وڵاتانی دراوسێمانەوە هاتوون، بۆیە مەبەستمانە بەتەواوەتی حاڵەتەکان کەمبکەینەوەو هەر کەسێکیش هاوکاری ئەو کەسانە بێت رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر.

وتیشی، هەر ئوتێلێک رێگە بەمانەوەی ئەو کەسانە بدات دادەخرێت و لەکاتی دوبارەبونەوەی مۆڵەتەکەی وەردەگیرێتەوە. موختاری گەڕەکەکانیش هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.

بڕیاریش درا لە رێگەی مزگەوتەکانەوە مامۆستایانی ئاینی هاوڵاتیان وشیار بکەنەوە بۆئەوەی هاوکاری ئەو دەروەزەکەرانە نەکەن.

داواش کرا کەناڵەکانی راگەیاندن هەڵمەتی روبەروبونەوەی دیاردەی دەروەزەکردنی منداڵان و ژنان ئەنجام بدەن.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم