سوودانی پێش سەفەر بۆ واشنتن: پێویستە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا نوێ بکەینەوە

(0) / / مقالە / زایەڵە سودانی ئەمریکا


Apr 12, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: په‌یوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و عێراق كلیلی سه‌قامگیریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ 15ـی ئه‌م مانگه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ هاوبه‌شێتی نوێ لە نێوان به‌غدا و واشنتن.
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری فۆڕن پۆڵەسی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، بەر لە یەکەم سەردانی بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن لە کۆشکی سپی، دیدگای خۆی لەبارەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و هاوکاری بەردەوامی نێوان بەغدا و واشنتن خستووەتەڕوو.
سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە: “دوو دەیە لەمەوبەر ئەمەریکا یارمەتی عێراقییەکانیدا بە لەناوبردنی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حوسێن و دانانی بناغەکانی سیستمی دیموکراسی، ئەمەش یارمەتی عێراقییەکانیدا بۆ یەکەمین جار تامی ئازادی بکەن، هەروەها ستەمکاری و خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکان کە کێشەیان لە عێراق و ناوچەکەش لێکەوتبووەوە”.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، سوودانی نووسیویەتی: کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەو کاتەوە، بەزۆر هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە و قۆناغی زۆر ئاڵۆز و نزیکیشی بەخۆیەوە بینوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە: لەو ماوەیەدا، لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵاتدا هەبووە کە پەیوەندیی نێوانمان وەک کاری هەرە لە پێشینەی ستراتیژی دەمێنێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاوبەش و هەوڵی هاوبەش لەپێناو تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان، هەر بەو شێوەیەش پێکەوە تیرۆرمان تێکشکاند و لە هاوکاری ئەمنی بەردەوام بووین بۆ دووبارە بنیاتنانەوە سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان.
محەممەد شیاع سوودانی جەختیکردووەتەوە کە پێویستە ئەو هاوبەشییە ستراتیژییەی نێوانیان، نوێ بکەنەوە بە گواستنەوەی بۆ قۆناغێکی نوێ کە پاڵپشتی لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بکات، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هاوکاریی بەرهەمداری نێوان بەغدا و واشنتن بن.
هەروەها نووسیویەتی: لە کۆتایی مانگی یەکدا لیژنەی باڵای سەربازیمان پێکهێنا، کە پێکهاتبوو لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمەریکا و عێراق، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی مەترسییە بەردەوامەکانی داعش و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراقلە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لە هەموو بارودۆخەکاندا لە سەرانسەری وڵاتدا، کە ئەم هەوڵەش بووەی هۆی ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بەپێی خشتەیەکی کاتی.
سوودانی ڕوونیکردووەتەوە، کە ئەو هەنگاوە نوێیەیان وادەکات بۆ داهاتوو، پەیوەندییەکانیان بچێتە قۆناغێکی نوێوە و زیاتر لەوەی تەنیا لە بوارەکانی کاروباری ئەمنی و سەربازیدا هاوبەشییان هەبێت و دووپاتیکردووەتەوە، کە پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و عێراق فاکتەری سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەبارەی گرووپە چەکدارەکانیشەوە، سوودانی ڕایگەیاندووە، بوونی ئەو گرووپانە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابروو لە دۆخێکی ئاڵۆزدا لەدایکبوون، بۆیە بە بەردەوامی لەسەر بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات، وادەکات چیتر پێویست نەبێت کە چەک لە دەرەوەی دەوڵەتدا هەبێت و ئێستاش حکوومەتەکەی کار بۆ ئەو ئامانجە دەکات.
هاوکات سوودانی دەڵێت: “عێراق ڕێگایەکی دوور و درێژی لەپێشە و پڕە لە ئاڵنگاریی، کابینەکەی منیش ئاگاداری هەڵوێستە هەستیار و هاوسەنگییەکانی خۆیەتی کە دەبێت لە نێوان ئەمەریکا و گرووپە چەکدارەکاندا بیپارێزێت، کە هەندێکجار دەچنە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا. بەڵام دیدگای ئێمە بۆ ئەم دۆخە ڕوونە کە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکان ڕەتدەکەینەوە.”
لە پەیامێکیشدا بۆ گرووپە چەکدارەکان، سوودانی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشاوە کە “بڕیاری شەڕ و ئاشتی، دەبێت پرسێکی تایبەت بێت بە دەوڵەت و هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانێت داوای ئەم مافە بکات”.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سوودانی ئاماژەی بەوەشکردووە: عێراق بە هاوکاری دۆستەکانی بەتایبەتی ئەمەریکا توانی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی تێکبشکێنێت و لەبارەی بوونی مەترسی ئەو ڕێکخراوەش باسی لەوەکردووە: ئێستا چەند گرووپێکی بچووکی داعش ماون کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بیابان، شاخ و ئەشکەوتەکاندا بەدوایاندا دەگەڕێن و چیتر هەڕەشەیەک نین بۆ سەر دەوڵەت.
لەگەڵ ئەوەشدا، سوودانی دەڵێت: سەرکەوتنی تەواو بەسەر تیرۆردا بەبێ گەشەسەندنی ڕاستەقینە بەدەست نایەت، بەتایبەتی لە دابینکردنی چاودێری تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە بەشێوەیەکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کە ئەمەش ئامانجی کارنامەی حکوومەتەکەیەتی پاڵپشت بە چاکسازییە ئابووری و داراییەکان پاراستنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ، بەهێزکردنی رۆڵی ئافرەتان، بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر لە وتارەکەی گۆڤارە ئەمەریکییەکەدا دەڵێت: ” گەندەڵی دیوی دووەمی تیرۆرە و کاریگەرییەکەی کەمتر و وێرانکەرتر نییە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەیان کردووەتە ئامانجی کارکردن، هاوکات کاردەکەن بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی پشتبەستن تەنیا بە نەوت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕیگەی پرۆژەکانی ناوچەی پیشەسازی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بنیاتنانی ڕیگەی گەشەپێدان کە وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و ئەوروپا دەبەستێتەوە، هەوڵ دەدەن ئەو ئامانجە بەدیبهێنن.