وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران: بۆمب و جیهازاتی تیرۆریستەکان لە هەرێمی کوردستانەوە هێنراونەتە ناو سنوورەکانی وڵات

(0) / / ایران / زایلە تیرۆر بۆمب ئیسرائیل


Jul 27, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک وردەکاریی زیاتری لە دەستگیرکردنی تاقمێکی سەر بە کۆمەڵە و دەستوپێوەندی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕ چوارشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیێک ڕایگەیاند دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی دەستگیرکردنی تاقمێکی تیرۆریستی سەر بە ئیسرائیل، بەشێک لە وردەکارییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات.

لەم ڕاگەیێندراوەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە ئامانجی ئەو تاقمە دەستگیرکراوەی سەر بە ئیسرائیل ئەنجامدانی تەقینەوە لە ناوەند هەستیارەکانی بەرەڤانی بە پلانی ورد بووە .

ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەندامانی تاقمی دەستگیرکراو سەر بە کۆمەڵە بە سەرکردایەتی عەبدوڵڵا موهتەدی بوونە و ناوبراو بە شێوەی تایبەت سەرپەرەشتی پلانەکەی کردوە و ئەندامانی تاقمەکەی بە ئەفسەرانی مۆساد ناساندووە.

ڕاشیگەیاندوە کە پێوەندیی کۆمەڵە لە گەڵ ئیسرائیل و بوونە دارەدەستی ئەو ڕژێمە بە بەڵگە سەلمێنراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە کە لە ڕۆژانی داهاتودا ناوی ئەندامانی تاقمی دەستگیرکراو و دەستوپێوەندەکانیان لە دەرەوەی وڵات ئاشکرا دەکات.

وەزارەت ئیتڵاعاتی ئێران باس لەوەش دەکات کە زۆربوونی چەک و تەقەمەنی و جیهازاتی تاقمە دەستگیرکراوەکە بە چەشنێ بوونە کە ئەندامان بە تەنیا نەیانتوانیوە دەربازی سنووری بکەن و هەر بۆیە لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە لە هەرێمی کوردستانەوە داخڵی ئێران کراون.

لە ڕاگەیێندراوکەدا وردەکاریی لەبارەی چەک و تەقەمەنی و جیهازاتی ئەو تاقمە ئاشکرا بووە کە خۆی لە بۆمبی تەوقیتکراو و چەک و جیهازاتی پێوەندیی و ... دەبینێتەوە.

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە کۆتایی دا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تۆڵەی ئەم سەرکێشییەی ئیسرائیل دەکاتەوە .