دوو پرۆژەی باشكردنی ئاوی خاوێن لە سلێمانی و هەڵەبجە تەواو كران

(0) / / اقتصادی / زایەڵە ساسان عەونی پڕۆژەی ئاو سلێمانی هەرێم کەمئاوی وشکەساڵی


Jul 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ساسان عەونی ڕایگەیاند؛ نزیكەی 270 هەزار كەس لە پرۆژەكان سوودمەند دەبن و بەهۆیانەوە دۆخی ئاو و هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو باشتر دەبن .

وەزیری شارەوانی وگەشتوگوزار شاری سلێمانی لە ڕێوڕەسمێکدا تەواوبوونی دوو پرۆژەی خزمەتگوزاریی باشکردنی ئاوی خاوێنی لە پارێزگەكانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد نزیكەی 270 هەزار كەس لە پرۆژەكان سوودمەند و تۆڕەكانی ئاویش لەو شوێنانە باشتر دەبن.

ڕێوڕەسمەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە هۆڵی بۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی، شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی عێراقی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایکا)، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەر وئەندازیارانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی گوتارەكەیدا گوتی، خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە دوای ساڵ و نیوێك لەدەستپێكردنی پرۆژەكان، ئەمڕۆ مژدەی كۆتاییهاتنی پرۆژەكان ڕادەگەیەنین، كە بریتین لە پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگەی سلێمانی و پارێزگەی هەڵەبجەیە. لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا گوتیشی،  حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاووڵاتییان بە چەقی بایەخپێدانی خۆی دەزانێت و هەموو توانا و هەوڵەكانی بۆ خزمەتكردنی هاووڵانییانی كوردستان دەخاتەگەڕ. هاوكات سوپاسگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بە ئاژانسی جایكای ژاپۆنی ڕاگەیاند كە لەسەر قەرزی درێژخایەنی ژاپۆن پرۆژەكان جێبەجێ كراون.

ساسان عەونی سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە پرۆژەكان سوودمەند دەبن، گوتی: نزیكەی 270 هەزار كەس لە هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە لە پرۆژەكان سوودمەند دەبن و بەهۆیەوە دۆخی تۆڕەكانی ئاو و هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو لەو شوێنانەی پرۆژەكانیان لێ تەواو كراوە باشتر دەبێت.

شایەنی باسە گرێبەستی پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان لەسەر قەرزی ژاپۆنی لە ڕێگەی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی جێبەجێ دەكرێت کە پاكێجی چوارەمی گرێبەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە لەگەڵ ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بە گوژمەی (6،400،854) دۆلار لە ماوەی 500 ڕۆژدا جێبەجێ كراوە. پرۆژەكەی سلێمانی، بریتییە لە ڕاكێشانی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاوە لە تاسڵوجە بۆ سلێمانی بە درێژایی (15،800 م.د) و زیاتر لە 150،000 كەس لە گەڕەكەكانی باشووری خۆرهەڵاتی سلێمانی لێی سوودمەند دەبن، دەبێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پرۆژەكانی ئاو لە سەنتەری شاری سلێمانیدا. هەروەها پرۆژەكەی پارێزگەی شاری هەڵەبجەش پێكهاتووە لە سێ بەشی گرنگ، ئەوانیش بریتین لە نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ پاشماوەی وێستگەی پاڵاوتنی ئاو، لەگەڵ دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ وێستگەی پاڵاوتنی هەڵەبجە، كە زیاتر لە 120،000 كەس لە دانیشتووانی گەڕەكەكانی نێو شارەكە تێیدا سوودمەند دەبن.

ئامادەکردنی - کامەران کەریم