نێچیرڤان بارزانی: 2717 ئێزدی رفینراون، 325 هه‌زار له‌ كه‌مپه‌كانن و 100 هه‌زاری دیكه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ په‌نابه‌ر

(0) / / کردستان / زایەڵە نێچیرڤان بارزانی کوردستان ئێزدی شنگال


Aug 03, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان رایگه‌یاند، كه‌س ناتوانێت كوردستان و ئێزدییایه‌تی له‌یه‌ك جیابكاته‌وه‌، ده‌بێت گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ بۆ هه‌موان باس بكرێت، تا هه‌وڵبدرێت كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌ كه‌مبكرێته‌وه‌.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئه‌مڕۆ پێكه‌وه‌ به‌ دڵێكی پڕ خه‌مه‌وه‌ یادی هه‌شته‌مین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌، كه‌ به‌سه‌ر ئێزدییه‌كان و گه‌لی كوردستاندا هاتووه‌، ئه‌و كاره‌ساته‌ی داعش بووه‌ته‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی خوێناوی بۆ مێژووی كوردستان، كه‌ 5 هه‌زار ژن و منداڵ پیاوانی ئێزدی بوونه‌ قوربانی.
گوتیشی: تا ئێستا 2717 ئێزدی رفینراون، هێشتا 325 هه‌زار ئێزدی له‌ كه‌مپه‌كان ئاواره‌ن، 100 هه‌زار ئیزدی دیكه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ بوونه‌ته‌ په‌نابه‌ر، شنگال وێران بووه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی بێ ماڵ و حاڵ بوون، له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا هه‌زاران ئێزدی گوللـه‌باران كران.
نێچیرڤان بارزانی له‌ رێوڕه‌سمی یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان گوتارێكی پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئێزدییه‌كان له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا كرانه‌ ژێر خاكه‌وه‌، هه‌زاران كچ و خوشكانی ئێزدی رفێنران و كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌كرا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ زه‌بری چه‌ك هه‌وڵدرا ئایینی ئه‌وان بگۆڕن، پێویسته‌ گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ له‌به‌رچاو بگرین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ین و كار بكه‌ین، زووتر كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.