٦٠٠ملیۆن دینار پڕۆژە بۆ گوندی سورەقەڵات جێبەجێدەکرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە پڕۆژە ماوەت


Aug 04, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - قایمقامی ماوەت ڕایگەیاند؛  بە بڕی نزیکەی (٦٠٠) ملیۆن دینار، پڕۆژە بۆ گوندی سورەقەڵات جێبەجێدەکرێت
کامەران حەسەن  قایمقامی قەرای ماوەت  بەزایەڵەی  ڕاگەیاند،          سندوقی کۆمەڵایەتی بۆ گەشەپێدان لە لایەن حکومەتی عێراقی سەرپەرشتی دەکرێت و پارەی ئەم سندوقە لە لایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتیەوە دابیندکرێت و تایبەتە بە پێشکەشکردنی پڕۆژە بە گوندەکان لەسەر ئاستی کوردستان و بە ژمارەیەکی دیاریکراو.
وتیشی، لە سنوری قەزای ماوەت، گوندی سورەقەڵات وەک گەورەترین و ئاوەدانترین گوندی سنورەکە، لە لایەن ئەم سندوقەوە ھەڵبژێرداراوە بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک لەم گوندە.ئەمڕۆ ئێمە وەک قایمقامیەتی قەزای ماوەت بەشدار بووین لە قۆناغی دووەمی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە، کە بریتی بوو لە کۆبونەوە بە خەڵکی گوند و دابەشکردنی دوو فۆڕم بەسەریاندا، کە یەکێکیان ھەڵبژاردنی ئەنجومەنێکە بۆ سەرپەرشتی و نوێنەرایەتی بۆ ئەو پڕۆژانە، دووەمیان بۆ ھەڵبژاردنی جۆری پڕۆژەکانە لە لایەن دانیشتوانی گوندەوە.
ڕونیشیکردەوە، تێکڕای ئەم ڕێکارانەش جگە لە لیژنەیەکی پارێزگای سلێمانی کە پێکھاتبوون لە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرێتی ئامارو پلانی پارێزگای سلێمانی وەھەروەھا ھەڵاڵە خان بەڕێوەبەری ئاماری شارباژێڕو ماوەت، بەڕێوەدەبران.
ئەمڕۆ کارەکان بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوون و دواتر ڕێکاری تری بە دوادا دێت.ئەم لیژنەیە، ئێمەو دانیشتوانی گوندی سورەقەڵاتیان دڵنیا کردەوە، کە ئەم پڕۆژانە بە ئەنجامدەگەیەنرێن، ھەرچەندە کارەکان بە ھێواشی دەڕۆن و دوادەکەون.ئێمە، سورەقەڵات و دانیشتوانە بەڕێزو سەربەرزەکەیشی بە شایستەی ئەم پڕۆژەوخزمەتگوزاریانە دەبینینین، لە ھەمان کاتدا ئەوە دووپاتدەکەینەوە کە زۆرینەی گوندەکانی سنورەکەمان لە ڕووی ڕێگەوبان و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و ئاودێری و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری دیکەوە پێویستیان بە پڕۆژەی جۆراوجۆر ھەیە، بە تایبەت ئەم چەند ساڵەی قەیرانی دارایی کاریگەری خراپی ھەبووە لەسەر پەککەوتن و وەستانی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی سنورەکەمان، کە ھیواخوازین ساتێ زووتر ئەم بارودۆخە تێپەڕێت.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم