کۆنگرەی نیشتمانی کوردانی فەیلی ئیدانەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەزە دەکات

(0) / / عراق / زایەڵە کوردانی فەیلی فەڵەستین ئیسرائیل تارق مەندەلاوی


Aug 08, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کۆنگرەی نیشتمانی کوردانی فەیلی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هێرشە دڕندانەکەی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سەر کەرتی غەزە ئیدانە کرد و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کردووە بەرگری لە گەلی فەڵەستین و ڕێگری لە خوێنڕشتن و کوشتاری خەڵک لە لایەن سوپای ئەو ڕژێمەوە بکەن.
لەو بەیاننامەیەدا کە واژۆی تارق مەندەلاوی سەرۆکی کۆنگرەی کوردانی فەیلیی لە سەرە، هاتووە کە بە توندترین شێواز ئیدانەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەزە دەکرێت، ئەو هێرشانەی کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی لە ژن و منداڵ و گەورە و بچووک و تاوانێکی دیکەی خستووەتە ڕیزی دۆسیەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی گەلی خۆڕاگری فەڵەستین و گەلانی ناوچەکە.
بەیاننامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامی ئەم شێوازە لە تاوان و دەسدرێژییەی زایۆنیستەکان پەڵەیەکی ڕەشی دیکەیە بە ناو چاوانی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژێمە و لایەنگرانی لە ناوچەکە و جیهان.
کۆنگرەی کوردانی فەیلی داوای لە کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و گەلانی ئازادیخوازی جیهان کردووە تا بەرگری لە گەلی فەڵەستین و ڕێگری لە خوێنڕشتن و کوشتاری خەڵک لە لایەن سوپای ڕژێمی داگیرکارەوە بکەن.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە کوردانی فەیلی لە گەڵ گەلی موسڵمانی فەڵەستین تا ئازادیی قودس و لەناوچوونی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی دەمێننەوە.