چالاکوانێک بۆ زایەڵە: مامۆستایانی وانەبێژ، ستەمێك لە نێو پەروەردەدا

(0) / / گفتگو / زایەڵە مامۆستای وانەبێژ کوردستان عوسمان گوڵپی


Aug 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - عوسمان گوڵپی چالاکوانی مەدەنی  بەزایەڵەی ڕاگەیاند، مامۆستایانی وانەبێژ، ناونیشانێکە بۆ ئەو کوڕوکچانەی کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن و وانە دەڵێنەوە لە ناوەندەکانی خوێندندا، ئەوان دوای چەندین ساڵ خوێندن و ماندوبوون و دەرچوون لە زانکۆ، ڕازین بەوەی لە سوچێکی ئەم هەرێمەدا خزمەت بکەن و وانە بڵێنەوە، ئەمەش لە فەراغی سیستمێکی عادیلانەی دامەزراندندا ئەوان قوربانی ئەم قۆناغەن.
وتیشی، مامۆستایانی وانەبێژ، زۆرترینیان ڕێگایەکی دوور دەبڕن و کرێی هاتووچۆ موچەکەیان لێ دەکاتە نیوە، لە کاتێکدا هەر لە بنەمادا ئەوەی وەریدەگرن نە لەئاست توانای ئەواندایە و نە لە ئاست ماندوبوون و بڕینی ڕیگاکە، بەڵام  دۆخی دارایی و ژیانی بێ کاری  وایکردوە ئەمەش بەکار ناوبهێنرێت لە کاتێکدا لە سیستمی ئابوریدا بە بێ کاری ژێر پەردە ناو دەهێنرێت ، تەنها بە ئامانجی ئەوەی ڕۆژێک ئەم مامۆستایانە ببنە هەمیشەیی.
ڕونیشیکردەوە،  ئەم قۆناغە لە پەروەردەدا دەبێت ناو بنرێت قۆناغی ستەم لە مامۆستایانی وانەبێژ، ستەمێک کە مەگەر هەر ئەوانەی لە ناوەندەکانی خوێندندان هەستی پێ بکەن، لە کاتێکدا مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر لە من وانە دەڵێنەوە و زیاتر لە منی میلاکیش ماندووترن، ئەوان تاقەیەکی گەنجانەی جوانن لە ناوەندەکانی خوێندندا، کە دەکرێت سیستمی پەروەردە زۆر سودیان لێ ببینێت، ئەوان ئەرکی خۆیان زۆر  زیاتر جێبەجێ دەکەن بەڵام لە بەرامبەردا مافێکی کەم وەردەگرن، بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێم پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و پەروەردە لە ناوەندەکانی خوێندندا بکاتە پرسێکی جدی و چارەسەری جدی بۆ دابنێت.
ئەو چالاکوانی  مەدەنیە هێمای  بەوەشکرد،      لێرەدا پرسیارە جدیەکە ئەوەیە، بەو موچە کەمەی مامۆستایانی وانەبێژ وەریدەگرن، دەتوانرێ  خەونی دروستکردنی ژیانی شایستە بکاتە کردار .
ئامادەکردنی- کامەران کەریم