پەرلەمانتارێک: دوای ١٥ ساڵ چارەنووسی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکان بە نادیاری ماوەتەوە
/
گفتگو
/
زایەڵە
داهاتی نەوتی
گاز
زایەڵە - ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند دوای ١٥ ساڵ چارەنووسی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکان بە نادیاری ماوەتەوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2007 یاسای نەوتو گازی هەرێم دەرچوو، بەپێی ئەو یاسایە، حکومەت پابەندکراوە بە دروستکردنی صندوقێک بۆ داهاتی نەوتو گاز، پاشان لە ساڵی (٢٠١٥) یاسایەکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی سندوقەکەو پەیکەرەکەی دەرچوو، بەڵام تا ئێستا حوکمەکانی ئەو دوو یاسایە بۆ دروستکردنی سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتیەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردن و بە مەرەکەبی سەر کاغەز ماونەتەوە. بە پێی خاڵی شەشەم لە ئاستی چاکسازی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، حکومەت بەڵێنی داوە کاربکات بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێم بەتایبەت لە بواری داهاتە نەوتیەکاندا، بۆ ئەو مەبەستەش پێویست بوو کار بکات بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتیو گازییەکان، ئەوە سێ ساڵو دوو مانگ لە تەمەنی ئەم کابینەیەش تێپەڕیو تا ئێستا سندوقەکە دروست نەکراوە.
وتیشی، بڕی داهات و جوڵەی پارەی نەوت چەندەئەگەر بۆ بەرمیلێک نەوت بڕی (95) دۆلار ئەژمار بکەین، ئەوە بڕی فرۆشتنی نەوت مانگانە نزیکە لە ( 1,919,000,000,000) یەک ترلیۆنو نۆسەدو نۆزدە ملیار دینار، لەو پارەیەش ئەگەر تەنها لە (41%)ی بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و ئەویتری تێچوو بێت، ئەوە مانگانە نزیکەی (787,000,000,000) حەوت سەدو هەشتاو حەوت ملیار دینار، لە دەرەوەی ڕێکارە یاسایی و ژمێریاریی و دارایی و دامەزراوە یاساییەکان هاتوچۆ دەکاتو نە بە پێی یاسای نەوتو گاز مامەڵەی لەگەڵ دەکرێتو نە سندوقێکیش هەیە بۆ ئەوەی بە رێکارەکانیدا بڕوات، هەروەها بە هیچ جۆرێکیش ملکەچ نیە بۆ هیچ دەزگایەکی چاودێریو وردبینی لە هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانو دیوانی چاودێری داراییشەوە. بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی ئەم دۆخەی نەوتو گازو نەبوونی شەفافیەتو دانەمەزراندنی سندوقەکەو کارنەکردن بە یاساکان لەم دۆسیەیە، ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو گازە کە هەریەکە لە سێ حزبی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت (پارتی، یەکێتی، گۆڕان) تیایدا بەشدارن.
ڕونیشیکردەوە، هەوڵ و فشارو بەدواداچوونەکان لە دوو ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار بەداوادچوونمان کردووە، هەوڵمانداوەو فشارمان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان نە لە ئەنجومەنی وەزیران، نە لە ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو گاز، نە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە دەست نەکەوتووە. دوا هەوڵیشمان بە نووسراوی ژمارە (٤ / ٣ / ٩٤) لە (١٥ی ٣ی ٢٠٢٢)ی پەرلەمان ئاراستە کراوە، کە جەختکردنەوە بوو لە بەداواچوونەکانی پێشوو، بەردەوامیش دەبین.
وتووێژ- کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: