دەروازەی حاجی ئۆمەران بەڕووی زیارەتکارانی ئێرانیدا کرایەوە

(0) / / ایران / زایەڵە حاجی ئۆمەران ئێران محەمەد سادق موعتەمیدیان


Sep 06, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دەروازەی حاجی ئۆمەران بە ڕووی زیارەتکارانی ئێرانیدا کرایەوە و شوێنی مانەوە و خزمەتگوزاری تەندروستی لە رێگەی حاجی ئۆمەران تا بەغدا بۆ زیارتکاران دابینکراوە.
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا رایگەیاند، سنووری تەمەرچین (دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران) بە ڕووی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن (ع) کراوەتەوە و دەتوانن لەوێوە هاووڵاتیانی ئێران، بچنە نەجەف و کەربەلا.
محەمەد سادق موعتەمیدیان، راشیگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، موکب (شوێنی مانەوە) بۆ زیارەتکارانی شیعە، لە رێگای پیرانشار بۆ حاجی ئۆمەران و لەوێشەوە تا بەغدا دابینکراوە، هەروەها خزمەتگوزاری تەندروستی بە شەو و رۆژ پێشکەش بە زیارەتکاران دەکرێت.
بەگوتەی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە کاتژمێر 7:30 بەیانی تا 6:00 ئێوارە، هاووڵاتیانی ئێران دەتوانن بێنە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ کاتی گەڕانەوەشیان دەروازەکە 24 کاتژمێر کراوە دەبێت.
رۆژی 22ی مانگی ئابی رابردوو، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و پارێزگای هەولێری کرد بە مەبەستی ئامادەکاریکردن بۆ هاتنی زیارەتکاران بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر سەردانکرنی نەجەف و کەربەلا.