کۆنسوڵی ئێران وێڕای سوپاسی خەڵک و بەرپرسانی هەرێم: تائێستا 45 هەزار زیارەتکار بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیون

(0) / / گفتگو / زایەڵە ڕەشنودی ئێران هەولێر هەرێمی کوردستان


Sep 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 45 هەزار زیارەتکاری ئێرانی بە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخدا بۆ رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن چوون و دەشڵێت، "ماوەی سێ هەفتەیە گەشتی ئاسمانیی نێوان ورمێ و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە."
نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر رۆژی دووشەممە 12-9-2022  بە رووداوی راگەیاند، "تائێستا نزیکە 45 هەزار هاووڵاتی ئێران لە هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە هاتوون، ئەوە یەکەمجار بوو دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی زیارەتکارانی ئێرانیدا بکرێنەوە."
ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتوون، لەچاو دەروازەکانی عێراق کەمترە و بۆ ئەمەش نەسروڵڵا رەشنوودی دەڵێت، "ئێمە بانگەوازێکی ئەوتۆمان بۆ نەکردبوو، لەبەرئەوەی ئەوە یەکەم ئەزموون بوو، بۆیە زۆر خەڵکمان لێ ئاگادار نەکردەوە."
لەبارەی پێشوازیی هەرێمی کوردستان لە زیارەتکارانی وڵاتەکەی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر گوتی، "پێشوازیی خەڵک یەکجار باش و بێوێنە بوو، جێی خۆیەتی سوپاسی میواندۆستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی بکەم، بەتایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە بەڕاستی ئەرکیان کێشا و خانەخوێییان کرد. خەڵکی هەرێمی کوردستان رەفتارێکی یەکجار خواپەسندانە و ئەخلاقی و ئایینی و فەرهەنگییان پێشانداین."
رۆژی دووشەممە 17-09-2022 چلەی ئیمام حوسێن "ئیمامی سێیەمی شیعەکان"ە و لە رۆژی 05-09-2022ەوە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی زیارەتکارانی ئێرانیدا کراوەتەوە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن کە ساڵانە لە رۆژی 20ی مانگی سەفەر لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت.
رۆژی یەکشەممە 04-09-2022 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆتایی ساڵی 2021 وەکو شاندی پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای ورمێمان کرد و لەگەڵ پارێزگاری ورمێ رێککەوتنێکی چەند خاڵیمان واژۆ کرد، لە مانگی شوباتی رابردوو شاندێکی پارێزگای ورمێ سەردانی هەولێریان کرد و رێککەوتنەکەمان فراوانتر کرد کە 16 خاڵی لەخۆگرتووە."
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "گەشتی ئاسمانیی نێوان فڕۆکەخانەی هەولێر - ورمێ یەکێک لە خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکەی نێوان پارێزگای هەولێر و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا."
سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکان کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان گوتی، "سێ هەفتەیە گەشتی ئاسمانیی نێوان ورمێ و هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەزموونی دەستیپێکردووە، گەشتەکە رۆژانی دووشەممە بەڕێوەدەچێت، خەڵک دەتوانن سوودی لێ ببینن و ئەگەر پێشوازیی باشی لێ بکرێت، دەتوانین ژمارەی گەشتەکان زیاد بکەین."