هۆشدرایی توندی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بە عەرەبستان

(0) / / ایران / زایەڵە سوپای پاسداران ئێران سەعوودیە ئاژاوە تیرۆر کوردستان


Oct 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پیلانگێڕی میدیایی ڕژێمی سعوودیە، هۆشداریی دایە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژێمە و وتی: ئاگاتان لە هەڵسووکەوتی خۆتان بێت و میدیاکانتان کۆنتڕۆڵ بکەن، بە پێچەوانەی ئەمەش دووکەڵەکەی بە چاوی ئێوەدا دەڕوات. ئێمە دوایین ئاگادارکردنەوەمان داوەتە ئێوە.
فەریق حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە 17 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە میانەی بەشداریی لە مانۆڕە سەربازییەکەی سوپا لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران، وتی: ئێران وڵاتێکی سەقامگیرە و ئاسایشی سنورەکانی پارێزراوە و پەیامی ئەوەمان بۆ وڵاتانی دراوسێ هەیە کە سیاسەتی ئێمە لە گەڵ دراوسێکان دۆستایەتی و برایەتییە، ئەگەر دراوسێکان و لایەنەکانی دیکە بیانەوێت لە دژی گەلی ئێران پیلانگێڕی بکەن سیاسەتی ئێمەش تووشی گۆڕانکاری دەبێت.
وڵاتانی دراوسێ کێشەکانیان لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکەن
ناوبراو وتی: تا کاتێک کە هەر وڵات و هێزێک لە گەڵ ئێمە لە پەیوەندی و هاوکاری درووستی سیاسی، ئابوری و ئەمنیدا بێت، ئێمە لە گەڵ ئەو دۆست و برادەرین. ئەوەشمان دەوێت کە دراوسێکانی ئێمە کێشەکانیان لە ڕێگای وتووێژ و سیاسییەوە چارەسەر بکەن و پەنا بۆ کردەوەی سەربازی نەبەن، لە بەر ئەوەی کە هەموومان لەم ناوچەیە بەرژەوەندیمان هەیە و هەندێک کات ئەگەر گۆڕانکارییەکی بچووک لە گۆشەیەک لە ناوچەکە ڕوو دەدات، بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێمە دەکەوێتە مەترسییەوە و لەو کاتەدا ئێمە بێلایەن نابین و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەکەین، بەڵام پەیامی ئێمە بۆ دراوسێکان ئەوەیە کە لە ڕێگای وتووێژەوە کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێمە بەرگری لە ئاسایش، بەرژەوەندی و سنورەکانمان دەکەین و ئەمەش بنەمایەکی گرنگە بۆمان. هێڵی سووری ئێمە ئەوەیە کە شتێک نەگۆڕێت و هەموو شتێک لە سەر بنەمای پاراستنی مافی سەروەری و بە فەرمی ناسینین یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی دراوسێ بێت. لۆژیکی سیاسی، یاسایی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش هەر ئەمە دەڵێت.
وڵاتانی دراوسێ ئاگاداری پیلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بن
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: لە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی باشور، ڕۆژئاوا و باکوری ئێمە زایۆنیستەکان شوێن پێی خۆیان کردووەتەوە و ڕەنگە دراوسێکان بڵێن کە بوونی زایۆنیستەکان کێشەیەکی بۆ ئاسایشی ئێمە نییە بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی لە بنەڕەتدا بۆ پیلانگێڕی و ئاژاوەگێڕی درووست کراوە. ئامۆژگاری وڵاتانی دراوسێ دەکەین کە ڕێگری لە هاتنی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ وڵاتانی ئیسلامی بکەن، لە بەر ئەوەی کە ئەو ڕژێمە تەنیا هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە وڵاتانی ئیسلامی و ناوچەکە دەدات.
ڕژێمی سعوودیە کۆنتڕۆڵی میدیاکانی بکات
حسێن سەلامی لە درێژەدا هۆشداریی دایە ڕژێمی سعوودیە و وتی: ئامۆژگارییەکی ڕژێمی سعوودیە و دەسەڵاتدارەکانی دەکەین کە ئاگایان لە هەڵسووکەوتی میدیاکانی خۆیان و ئەوانەی بێت کە بە پارەی ئەوان هەوڵی هاندانی گەنجانی ئێمە دەدەن، هۆشداری دەدەین کە میدیاکانتان کۆنتڕۆڵ بکەن و بە پێچەوانەی ئەمەش دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی خۆتان. ئێمە دوایین ئاگادارکردنەوە دەدەینە ئێوە، ئێوە لە ڕێگای میدیاکانەوە لە کاروباری ناوخۆیی ئێمە دەستێوەردان دەکەن، بەڵام بزانن خاڵی لاوازتان هەیە، ئێمە بە ئێوەی دەڵێن ئاگادار بن.