کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بەتەواوی دەگۆڕێت

(0) / / کردستان / زایەڵە کەشوهەوا هەرێمی کوردستان


Oct 21, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - بەگوێرەی پێشبینییە کەشناسییەکان، ئەمڕۆ هەینی بارانبارین لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دەستپێدەکات و سبەینێش بەشێوەی بچڕبچڕ بەردەوامی دەبێت و پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
لە بڵاوکراوەیەکدا، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ هەینی لەکاتەکانی ئێوارە و شەودا ئەگەری دەستپێکردنی باران دەبێت لەگەڵ ڕوودانی ھەورە بروسکەدا کە رێژەی بارانەکە لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر و راپەرین زیاتر دەبێت و لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەش مامناوەند دەبێت، هەروەها لەسنوری پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان کەم دەبێت و زیاتر خۆی لە نمە بارانی پچر پچردا ئەبینێتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سبەینێ شەممە ٢٢-١٠-٢٠٢٢ ناسەقامگیری  کەشوھەوا لە ناوچەکانمان بەردەوامی دەبێت بەشێوەی تاوە بارانی ھەڕەمەکی و چالاکبوونی ھەورە بروسکە لەکاتە جیاجیاکاندا و لەکاتەکانی ئێوارەدا لەزۆربەی ناوچەکان کۆتایی پێدێت و لەناوچە شاخاوییەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم تاکاتەکانی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ٢٣-١٠-٢٠٢٢ بەردەوامی دەبێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما بەرێژەی ٣ تا ٦ پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ نزمتردەبنەوە و بەم شێوەیە دەبێت، سلێمانی ٢٣ بە ١٦، ھەولێر ٢٥ بە ١٨ پلە، دھۆک ٢٤ بە ١٧ پلە، ھەڵەبجە ٢٥ بە ١٨ پلە، کەرکوک ٢٨ بە ٢١ پلە، لە ناوچەکانی گەرمیان ٣٢ بە ٢٢ پلە، لە سنوری ئیدارەی راپەرین ٢٣ بە ١٧ پلە و لە سنوری ئیدارەی سۆران ٢٢ بە ١٦ پلە دەبێت.