زانیاری لەبارەی دابەزاندنی نرخی نەوتی سپی
/
اقتصادی
/
نەوتی سپی
زایەڵە
ئابووری
زایەڵە - عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی نەوتی سپیش ناکۆکییان هەبووە و بۆ دابینکردنی نەوتەکە هەر زۆنێک بە کۆمپانیایەک، دەشڵێت، هیچ بڕیارێک نییە بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی سپی کە بە 100 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.
عەلی حەمەساڵح، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، "حکومەت دەڵێت، 70 ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی نەوتی سپی، ئەو نەوتە 320 هەزار بەرمیلە و دابەشکردنی لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستیپێکردووە، بەرامبەر 103 هەزار دینار."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەی جێگەی سەرنجە کۆی ئەم نەوتە سەرەتا درا بە کۆمپانیایەک کە سەربە گروپی کۆمپانیاکانی ستێرە، واتە نەوتەکە لەو کۆمپانیایە بکڕدرێت، بەڵام دواتر کە بەرپرسانی حکومی و حزبیی یەکیتی بەدەنگ هاتن، زۆنی زەرد درا بە کۆمپانیایەک و زۆنی زەردیش درا بە کۆمپانیایەک."
دەشڵێت، "واتە بە موزایەدە نەدراوە کە کێ بە کەمترین نرخ دابینی دەکات بدرێت بەوە، بەڵکو دوو کۆمپانیاکە بەرمیلێک نەوت بەرامبەر 284 هەزار دابین دەکەن، حکومەت 184 هەزاری دەدات، هاووڵاتیش 100 هەزار."
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوامان کردووە کە نرخی نەوتەکە دابەزێنرێت، بەڵام هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوە، حکومەت دەڵیت، ئەگەر نرخەکەی دابەزێنین، ناتوانین ئەو بڕە نەوتەش دابین بکەین."
باسی لەوەشکردووە، "بڕیارە مانگی 11 ناوچەکانی دەوروبەر و مانگی 12ش سەنتەری شارەکان دابەش بکرێت، بەڵام تائێستا پارەی بۆ دابین نەکراوە."
تێبينيێك بنێرە: