وەزیری ئاوەدانکردنەوە: رێژەی ئەنجامدراوی پرۆژەی پردی دەربەندی رانیە گەیشتوەتە ٥٨٪
/
کردستان
/
زایەڵە
ئاوەدانکردنەوە
حکومەتی هەرێم
زایەڵە - وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە ڕایگەیاند، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژە بە پرۆژەکانی وەزارەتەکەیان لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دەکات و رایدەگەیەنێت؛ پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیە بە باشی دەستیپێکردوەتەوە و لەھەوڵیشداین لەساڵی داھاتو رێگای دوسایدی دەربەند-ژاراوە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی دوشەممە، ٢٠٢٢/١٠/٣١ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیەی بەسەرکردەوەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ پرۆژەکە بەشێوەیەکی باش دەستیپێکردوەتەوەو لەئێستادا لە قۆناغی دانانی گێردەرەکانی پردەکەدایەو رێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە ٥٨٪، ھیوادارین لە مانگی ئایاری داھاتو تەواو بکرێت و بچێتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە.
وەک مژدەیەکیش بۆ دانیشتوانی سنورەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی:«پلانێکمان داناوە کە لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی، لەساڵی داھاتو رێگای دوسایدی دەربەند-ژاراوە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە».
وەزیری ئاوەدانکردنەوە، ئاماژەی بە پڕۆژەی رێگای دوکان-چوارقوڕنە کردو رایگەیاند؛ کارکردن لەپڕۆژەکە بەھۆی گرفتێکی ھونەرییەوە وەستابو، ئەو گرفتە لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چارەسەرکراوەو وەک وەزارەت ھەمو رێکارە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە تەواو کراوە بۆ ئەوەی بەڵێندەر دەستبەکاربێت.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: