بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆزایەڵە: ئەو ئەرکەی لەسەر شانم بوو بەجێم هێنا
(0) /
زایەڵە - بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ "بەداخەوە پەرلەمان ماوەی تەمەنی خۆی درێژکردەوە و لەسەر حسابی مافی دەنگدەر گەورەترین یاساشکێنی و پێشێلکاری یاسایی ئەنجامدا و درێژەی بەو عورفە فەسادەدا کە ئەمە هەشتەمین جارە دووبارەی دەکاتەوە ."
سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ 6/11/2022 پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر سوێندخواردنم وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە 6/112018 ،ئەوەی لەسەرشانم بوو وەلەتوانامدابوو جێبەجێمکرد سوپاس بۆخوا، و ەسوپاس بۆ متمانەی دەنگدەرانم کە منیان کردە نوێنەری خۆیان بۆ ئەوەی دیفاع لە مافەکانیان بکەم لە دەرەوەو ناوەوەی هۆڵی پەرلەمان . ئێستاش کە چوار ساڵ تێپەڕبووە بەسەر ئەو ماوەیە و لە بری ئەوەی ئەمڕۆ ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن و کۆتایی بەخولی پێنجەمی پەرلەمان بێت، بەداخەوە پەرلەمان ماوەی تەمەنی خۆی درێژکردەوە و لەسەر حسابی مافی دەنگدەر گەورەترین یاساشکێنی و پێشێلکاری یاسایی ئەنجامدا و درێژەی بەو عورفە فەسادەدا کە ئەمە هەشتەمین جارە دووبارەی دەکاتەوە .
وتیشی، ئێمەش بۆ پاکڕاگرتنی گەردنی خۆمان بەرامبەر بە خواو خاک و خەڵک، وە بۆ پاراستنی مافی دەنگدەر کەتەنها بۆ چوار ساڵ متمانەی پێبەخشیوین دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد .
باسی لەوەشکرد، هیوادارم ببێتە دەستپێک و فشارێکی مەدەنی بۆ سەروەری و ڕێزگرتنی یاساو کۆتایی هێنان بە یاساشکێنی و حسابکردن بۆ مافی دەنگدەرو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لەکاتی خۆیدا.لێرەوە دەستخۆشی تەواوم هەیە بۆ خەڵکی کوردستان و سەرجەم دەنگدەرانی خۆشەویستمان ،وەداوای گەردەن ئازادی لەهەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک دەکەم بەرامبەریان چونکە کەماڵ تەنها بۆخوایە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: