چەند بڕیارێکی بەپەلەی زانکۆی سلێمانی لەبارەی سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکان

(0) / / کردستان / زایەڵە زانکۆ سلێمانی غازی شل


Nov 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - زانکۆی سلێمانی بۆ سەلامەتی گیانی خوێندکاران چەند بڕیارێکی بەپەلەی لەبارەی سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکان دەرکرد.

 پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و د.پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، لەسەر رۆشنایی نووسراوی ژمارە (٢١٢٠٥ )ی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ  بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ و لێپرسراوی هۆبەی هونەری بەشەناوخۆییەکان و  بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ و لیژنەیەکی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە.

د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، بە سایتی زانکۆی راگەیاند: کۆبوونەوەکە بۆ بڕیاردان بوو سەبارەت بە سیستمی غازی شل (LPJ)ی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی، کە ٢٧ تەنکی غازی شلمان هەیە لە بەشەناوخۆییەکانی کەمپی نوێ و ناوشار و عەواڵ، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی پێویست دران، لەپێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی خوێندکارانی ئازیزمان لە بەشەناوخۆییەکان، کە ئەمانەی خوارەوەن:

١- دروستکردنی سێ لیژنەیەکی باڵا بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و کۆمپانیای جێبەجێکار، بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکان.

٢ـ دروستکردنی سێ لیژنەی هونەری بۆ جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی ڕۆژانەی سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان.

٣ـ کردنەوەی خولی راهێنان بۆ لیژنە هونەرییەکانی زانکۆ لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان.

٤- بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ خولی پێدانی زانیاری لەسەر پێدانی سیستمی غازی بەشەناوخۆییەکان بۆ خوێندکاران دەکاتەوە،  بۆ چۆنیەتی ئامادەکردن و گەرمکردنەوەی خواردنەکانیان.

٥- پێکهێنانی لیژنەیەکی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری سیستمی غازی شلی بەشەناوخۆییەکان، بۆ ئەوەی لەکاتی  دروستبوونی هەر کێشە و کەموکوڕییەک، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی هونەری زانکۆ ئاگادار دەکرێنەوە،  کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستمەکە.

٦ـ زیاتکردنی گرەنتیکردنی (زەمان)ی پاراستن و چێککردنی سەرجەم تانکی غازەکان و سیستمەکەی لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار.

د.پێشڕەو حەمەجان، ئاماژەی بەوەشدا  “ئیدارەی گشتی یەکێتی کە پێشتر رۆڵی هەبووە لە رووی داراییەوە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کە سیستمەکەی داناوە، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتیان  لیژنەیەکیان ناردووە، کە ئەم لیژنەیە لە رێگەی کۆمپانیاکەوە بەشداری کۆبوونەوەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی بەشداربن لە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەپێناوی سەلامەتی گیانی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆمان .

ئامادەکردنی- کامەران کەریم