نامەی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایش؛ بەگوێرەی ڕێکەوتنەکان بنکەی گرووپەچەکدارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن

(0) / / ایران / زایەڵە هەرێم ئێران ئەنجومەنی ئاسایش کوردستان


Nov 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران داوای جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی لە گەڵ حکومەتی عێراق دەکات بۆ داخستنی بنکە و چەککردنی گرووپە چەکدارەکان باکوری ئەم وڵاتە.
نوێنەرایەتی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک ڕایگەیاندووە: پاش ڕاوێژی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی باکوری ئەم وڵاتە، بۆ ئێران هیچ بژاردەیەک بەدەر لە مافی ڕەوا بۆ بەرگری لە خۆ لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکان و بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی نەماوەتەوە و بەم پێیەش، لە ماوەی ڕابردوو چەندین هێرش لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی باکوری عێراق جێبەجێ کراوە.
نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە: بۆ ساڵانێک کۆماری ئیسلامی ئێران ئامانجی هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان بووە کە لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگایان کردووەتەوە. ئەم گرووپانە بەم دواییانە پەرەیان بە چالاکییەکانیان داوە و لە ڕێگای نایاساییەوە ڕێژەیەکی بەرچاو چەک و تەقەمەنییان بۆ پڕچەککردنی کەسانی سەر بە خۆیان ناردووەتە ناوخۆی ئێران کە ویستی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستییان هەیە و بەم هۆیەشەوە دەبینین کە زیانە مرۆییەکان زیادی کردووە و لەناوبردنی موڵک و ماڵی گشتی و خەڵکیش بە هەمان شێوە زیادی کردووە.
نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای جەختکردنەوە لە سەر بەرپرسیاریەتی حکومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەری سەرجەم ناوچە و سنورە فەرمی و نێودەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری سەبارەت بە چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکانی باکوری عێراق و پلانداڕێژی، ڕێکخستن و جێبەجێکردنی کردەوە تیرۆریستییەکان لە دژی ئێران ڕادەستی بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
لەو نامەیەدا هاتووە: لە میانەی چەندین گەڕی دانوستانەکان و ڕاوێژی دووقۆڵی لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت سەردانەکەی ئەم دواییەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ تاران، ئێران بە فەرمی داوای ئەوەیکرد کە ئەو کەسانەی دەستیان لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا هەبووە، ڕادەست بکرێن تا پرۆسەی دادگاییکردنی ئەوان لە ناوخۆی ئێران دەست پێبکات، هەروەها بنکە و بارەگا و کەمپی مەشق و ڕاهێنانی ئەوان دابخرێن و ئەندامەکانیان چەک بکرێن.
نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە تاران هەروەها جەختی لە سەر جێگیربوونی هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنورە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە و شاندەکەی عێراقیش ڕەزامەندی دەربڕیوە و بەڵێنی داڕشتنی خشتەیەکی کاتیی بۆ تەواوکردنی پرۆسەی چەککردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دا.
لە درێژەی نامەکەدا هاتووە کە بەداخەوە تا ئەمڕۆ هیچ هەنگاوێکی کاریگەر لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە نەبینراوە و بەم پێیەش ئێران بەردەوام داوای جێبەجێکردنی دەکات و لەم هەلومەرجەدا بۆ ئێران هیچ بژاردەیەک بەدەر لە مافی ڕەوا بۆ بەرگری لە خۆ لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکان و بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی نەماوەتەوە و لە سەر ئەم بنەمایەش، لە ماوەی ڕابردوو چەندین هێرش لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی باکوری عێراق جێبەجێ کراوە.
نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە کە تاران خۆی بە پابەندی جێبەجێکردنی ئەم کێشەیە لە گەڵ حکومەتی عێراق و لە چوارچێوەی میکانیزمێکی دووقۆڵی وەک بەشێک لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم دەزانێت. وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق لە دانوستانەکانی خۆیان جەختیان لە سەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە پێی یاسای نێودوڵەتی کردووەتەوە.
لە کۆتایی نامەکەی ئێراندا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێزی تەواو بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق دادەنێت و جارێکی دیکە بەڵێنەکەی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاک، یەکگرتوویی و سەروەری کۆماری عێراق دووپات دەکاتەوە.