ئایەتوڵڵا خامنەیی: شکستمان بە پیلانی ئەمریکا لە عێراق، سوریا و لوبنان هێنا

(0) / / ایران / زایەڵە خامنەیی ڕێبەر کۆماری ئیسلامی ئێران سووریا لوبنان


Nov 26, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پیلانی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی 6 وڵاتی ناوچەکە، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی شکستی بەو پیلانە لە وڵاتانی عێراق، سوریا و لوبنان هێناوە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، شەممە 5 (26 ی تشرینی دووەمی 2022) لە ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەسیج و لە چاوپێکەوتنی ژمارەیەکی زۆر لە بەسیجییەکانی وڵات ڕایگەیاند: بەرەی ستەمکاری جیهانی تێڕوانینێکی تایبەتی بەرامبەر بە ڕۆژئاوای ئاسیا هەیە لە بەر ئەوەی کە ئەم ناوچەیە زۆر گرنگە، گرنگترین هۆکاری جوڵەی پیشەسازی ڕۆژئاواش نەوتە لە لەم ناوچەیەدا هەیە.

هەروەها بە ئاماژە بە تایبەتمەندییە جوگرافی و ژئۆپۆلیتییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە تایبەت ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: ئەمریکییەکان بیریان لەوە کردەوە کە پێش ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئێران، وڵاتانی دراوسێ کە قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئێرانن ئیفلیج و لاواز بکەن، ئەم پیلانە لە ساڵی 2006 لە لایەن ئەمریکییەکانەوە ئاشکرا بوو و وتیان دەبێت 6 وڵاتی عێراق، سوریا، لوبنان، لیبیا، سودان و سۆمالیا سەرەتا بڕووخێن و پاشان نۆرەی ئێران دەگات.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕاشیگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ دەستێوەردانێکی لە باکوری ئەفریقا نەبوو، بەڵام لە سێ وڵاتی عێراق، سوریا و لوبنان سیاسەتی ئێران بووە هۆکلاری شکستی ئەمریکا لەم وڵاتانە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە تێکۆشان و گیانفیدایی لیوا قاسم سولێمانی وتی: شەهید سولێمانی بۆ ئەوە لە لایەن دوژمنەوە شەهید کرا کە ئاڵای سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە نەخشە و پیلانی گەورەی دوژمنی شکست پێهێنا، لە دەستانی ئەو شەهیدە گەورەیدا بوو.

وتیشی: کێشەی ئێمە لە گەڵ ئەمریکا تەنیا بە یەک شێواز چارەسەر دەبێت، ئەویش باجدانە بەو وڵاتە، ئەویش نە یەک باج، بەڵکوو باجی بەردەوام، بەڵام هیچ ئێرانییەکی نیشتمانپەروەر ئامادە نییە وەها باجێک بدات، ئەمریکا دەیەوێت گەلی ئێران سەرجەم هێڵە سوورەکان تێپەڕێنێت.