سودانی: ڕێگە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی هیچ وڵاتێک نادەین
(0) /
زایەڵە – سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: حکومەتی عێراق خۆی بە پابەندی جێبەجێکردنی دەستوور دەزانێت و موڵەتی ئەوە نادات خاکی ئەم وڵاتە لە دژی هیچ لایەنێک بەکار بهێندرێت.
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە سەردانی تارانی کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هاوکارییە ئەمنییەکان وتووێژ کرا، ئاسایشی هەر دوو وڵات تەواوکەری یەکتر دەبێت و بەشێکی جیانەکراوی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەشە.
محەممەد شیاع سودانی وتی: سیاسەتی حکومەتی عێراق ئەوەیە کە نابێت خاکی ئێمە ببێتە خاڵی دەستپێکی هەڕەشە و زیان گەیاندن بە وڵاتانی ناوچەکە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەم سەردانەدا هەیە و لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆدەبێتەوە تا بگەنە میکانیزمێکی کاری هاوبەش و هاوکارییەکی مەیدانی و ڕێگری لە هەر ئاڵۆزییەک بکرێت.
ناوبراو وتی: لە ڕوانگەی حکومەتی عێراقەوە وتووێژ باشترین ڕێگایە و ئێمە لە حکومەتی عێراق پابەندین بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرجەم بوارە هاوبەشەکان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانەکەیی بۆ تاران بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە گرنگ ناو برد و وتی: گەل و حکومەتی عێراق هیچ کات پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمی داعش لەبیر ناکەن و ڕێز لە شەهیدانی ڕاوێژکاری ئێرانی دەگرن کە گیانی خۆیان لە گەڵ برایانی عێراقی لە شەڕی دژ بە تیرۆر کردە قوربانی.
تێبينيێك بنێرە: