نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان: گەندەڵی بەربڵاو و سیستەماتیک لە ئاڵنگارییە هەرەگەورەکانی عێراقە

(0) / / عراق / زایەڵە عێراق نەتەوەیەکگرتووەکان جێنین ھێنیس پلاسخارت گەندەڵی


Dec 09, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - جێنین ھێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق وتی: "کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق کە بە "دزی سەدە"ش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت، هەر بۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە".

پلاسخارت رایگەیاند، گەندەڵی بەربڵاو و سیستەماتیک یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە.

ناوبراو بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی، پەیامێکی بەهەرسێ زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی بڵاوکردەوە.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق لە پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیک یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە. تێچووە ئابوورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیی لەڕاددەبەدەرە چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافەکانیان و کزکردنی وەبەرهێنانی جیهانیی و بە ناڕەوایی بردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک لەڕووی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە پێویستن".

پلاسخارت راشیگەیاندووە، "من زۆر جار بە تایبەتیش لەم دواییەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا گوتم کە گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنە و ئەگەر هەر بەم شێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت ئەوە دوا جار بە خراپ بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوە".

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق لە درێژەی پەیامەکەدا دەڵێت "کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق کە بە "دزی سەدە"ش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت، هەر بۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە".

پلاسخارت بە ئاماژەدان بەوەی گۆڕانکاریی سیستەماتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە چاوترکانێکدا روونادات، رایگەیاند "ئەوەش بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکاریی سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش هەرگیز لەچاوتروکانێکدا روونادات بەڵکو پێویستی بە کاری چڕوپڕ و کۆڵنەدان و هەوڵی هەمەلایەنە هەیە بە تێگەیشتنیش لەوەی کە ئێستا کاتی کارکردنە".

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق لەبارەی هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە راستە حکوومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە رەنگە ئەم هەنگاوانە یان تووشی بەربەست بن یانیش لاوازکردن بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا تووشی زیان دەبن و بۆ ئەمەش پلاسخارت جەختی کەوە کردووەتە ئەو جۆرە کەسانە هەرگیز نابێت ئەو بوارەیان پێ بدرێت.

پلاسخارت هەروەها رایگەیاندووە ئەمساڵ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەوڵ دەدات کە پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئاشتی و دژە گەندەڵی و سەقامگیری و گەشەپێدان بە زەقی بخاتە ڕوو. سەرباری "یەکخستنی جیهان بۆ دژایەتی گەندەڵی" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم تاوانە ماف و بەرپرسیارێتی هەموو کەسێکە.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق داوای لە هەموو لایەک کردووە شەڕی شەفافییەت و سەروەریی یاسا بکەن و لە پەیامەکەیدا هاتووە:

"هەر بەم گیانە و لەپێناو نەوەکانی داهاتوودا، با هەموومان بە یەکەوە لە عێراق و شوێنەکانی تریش چی وەکو تاکە کەس و چی وەک ئەوانەی کاربەدەستن، شەڕی لێپێچینەوە و واڵایی (شەفافییەت) و سەروەری یاسا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سیستەمێک دروست بکەین کە پێویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات لەبری خزمەتکردنی توێژێکی داخراو کە بایەخیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زۆر کەمە. بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و تایبەتی پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت و دابینکردنی لێپێچینەوەش لەتەواوی پرۆسەکەدا لەوپەڕی گرینگیدایە".