پڕۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوا ناوتاق دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت
(0) /
زایەڵە - ئەمڕۆلە رێورەسمێکدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەئامادەبونی پارێزگاری سلێمانی، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ رێگاوبان، قائیمقامی دەربەندیخان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و راوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی ئیداری سنورەکە، بەردی بناغەی پڕۆژەی رێگای ناوتاقی لە دەربەندیخان دانا.
پڕۆژەکە پێکھاتوە لە دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوا ناوتاق دەربەندیخان بەدرێژی ٢٢ کم، کە لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەگوژمەی (٧.٤٠٤.٢٥٠.٠٠٠) ملیار جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە یەکێکە لەو سێ داواکارییەی ھاوڵاتیان و ئیدارەی سنورەکە کە وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەڵێنیدابو بە جێبەجێکردنی، ئەویش دوای تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان لەگەڵ دەستپێکردنی قیرتاوکردنی رێگای دوڕیانی ژاڵەناو لە دەربەندیخان لە ئایندەیەکی نزیکدا.
تەواوبونی ئەم پڕۆژەیە، جگەلەوەی کاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر کارئاسانی ھاتوچۆ و دابینکردنی رێگایەکی سەلامەت بۆ ھاوڵاتیان و کەمبونەوەی روداوەکانی ھاتوچۆ لە سنورەکە، ھاوکات لەڕوی گەشتیاری و ئابورییەوە رۆڵی ئەرێنی دەبێت بۆ ناوچەکە.
ئامادەکردنی-کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: