لە دوو رووداوی هاتوچۆدا لە هەولێر کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکە برینداربوون

(0) / / کردستان / زایەڵە هاتوچۆ هەولێر کوژران


Dec 25, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی ١٢٠ مەتری شۆفێری ئۆتۆمبلێک گیانی لەدەستدا. دەشڵێت، لە رووداوێکی دیکەی هاتوچۆدا لەهەمان شەقام حەوت کەس برینداربوون و کەسێکیش چارەنوسی نادیارە.
 فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، کاتژمێر٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری، لەوبەشەی دەکەوێتە نێوان رەشکین بۆ رێگای موسل ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا بەهۆی تەواوبوون گازەوە لەکار دەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، شۆفێری کیاکە پەیوەندی بە یەکێک لە هاوڕێکانییەوە دەکات تا بەدەمییەوەبچێت و هاوکاری بکات، ئەویش دەچێت، بۆ ئەمەش بە پەتێکەوە کیاکە دەبەستێتەوە بە ئۆتۆمبێلی هاوڕێکەیەوە، لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئەکسێنت تێپەڕدەبێت بەهۆی ئەوەی خێراییەکەی زۆر دەبێت خۆی دەکێشێت بە کیاکەدا و لە ئەنجامدا شۆفێری کیاکە گیان لەدەستدەدات و لە ئێستاشدا چارەنوسی شۆفێری ئەکسێنتەکە نادیارە.
هاوکات، فازل حاجی ئاماژەی بەوەشداوە، هەر شەوی رابردوو بەهەمان شێوە لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری بەهۆی تیژڕۆیی دوو ئۆتۆمبێلەوە پێکدادان لە نێوانیاندا روویداوە.
دەشڵێت، دوای رووداوەکە قەرەباڵغی دروستدەبێت و ئۆتۆمبێلێکی دیکە دێت و ئەویش خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلەکە دەکێشێت، لە دوای ئەوەش بەچەند خولەکێک ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کۆدەبنەوە و قەرەباڵغییەکە زیاتر دەبێت و ئۆتۆمبێلی چوارەم دێت و بەهۆی بێئاگابوونەوە خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلەکان، لەدەرەنجامی ئەو رووداوەش حەوت کەس برینداربوون.