فیلمی "ئەزموون" نوێنەری عێراق لە ئۆسکاری 2023 لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا نمایش کرا
(0) /
زایەڵە ـ فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و نوێنەری وڵاتی عێراق لە ئاکادیمیای ئۆسکاری ساڵی 2023 لە شارەکانی لۆس ئانجلێس و نیۆیۆرک لە ئەمەریکا و هەروەها لە شاری بەڕلین لە ئەڵمانیا نمایش کرا.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بە ئامادەبوونی "ئاوان جەماڵ" یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، بۆ یەکەمین جار لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 3ی دیسەمبەری 2022 لە شاری لۆس ئانجلێس و لە کاتژمێر 1ی نیوەڕۆی ڕۆژی 6ی دیسەمبەری 2022 لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و هەروەها لە درێژەدا کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 8ی دیسەمبەری 2022 لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا پێشکەش کرا.
"ئەزموون" لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" Crystal Globe لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" Karlovy Vary لە وڵاتی کۆماری چیک نمایشکرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم واتە "فیپێڕشی" FIPRESCI ئەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیهان بەدەست بێنێت.
ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سانتا باڕباڕا" Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیرانا" Tirana لە وڵاتی ئەڵبانیا، خەڵاتی "سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان" UNFPA لە بەشی پێشبڕکێی "پانۆڕامای نێودەوڵەتی" لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قاهیرە" Cairo لە وڵاتی میسر، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیکتۆریا" Victoria لە وڵاتی کەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس" Mons لە وڵاتی بەلژیکای بەدەستهێناوە.
ئەم فیلمە کوردییە هەروەها لە بەشی "دەلاقەیەک بە سینەمای ئاسیا" A Window on Asian Cinema لە بیست و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بوسان" Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور، لە بەشی "پانۆڕامای جیهان" لە پەنجاو دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گوا" Goa فێستیڤاڵی گرینگ و پلەیەکی سینەمای جیهان لە وڵاتی هیندستان، لە بەشی "ئاسۆکان" HORIZONS لە بیست و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تێفلیس" Tbilisi لە وڵاتی جۆرجیا، لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دەریای سوور" Red Sea لە وڵاتی عەڕەبستان، لە سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئێکسگڕۆند" Exground لە هۆڵی سینەمایی "ماڕنۆئا" Murnau لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە بەشی "پانۆڕاما" لە پەنجاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئەسپی زێڕین" Golden Horse لە وڵاتی تایوان، لە بەشی نمایشی "فیلمە بڵیندە سینەماییەکان" لە شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدێن" Leiden لە وڵاتی هۆڵەندا، لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدز" Leeds لە وڵاتی بەریتانیا باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار، لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە هەرێمی کوردستان و چەندین ڕووداوی سینەمایی دیکە نمایش کراوە.
"ئەزموون" بەرهەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت هوود" ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
لەم فیلمە سینەماییەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان، حەمە ڕەشید هەرەس و یانا توانا.
بۆ زانیاری زیاتر:
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی "ئەزموون".
تێبينيێك بنێرە: