ئێران هۆشداریی بە ئەورووپا دەدات؛ چاوەڕێ کاردانەوە بن

(0) / / ایران / زایەڵە سوپای پاسداران تیرۆر ئەورووپا


Jan 19, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە – پاش ئەوەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دیاریکردنی سوپای پاسدارانی لە لیستی تیرۆردا پەسندکرد، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و جۆزپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا گفتوگۆیێکی تەلەفوونیان ئەنجامدا.
لەم گفتوگۆیەدا وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای ڕەخنەی توند لە هەڵسووکەوتی پەرلەمانی ئەورووپا، ئەوەی بە نادروست و هەڵە وەسفکرد و دەرکردنی ئەو بڕیارەی بە دوور لە لۆژیکی سیاسی و شارستانی ناوبرد.
وتیشی: بەردوەام وتوومانە کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، دامەزراوەیێکی فەرمی و سیادییە کە دەوری گرینگ و چارەنووسسازی لە دابین کردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ناوچەکە بە تایبەت لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا هەبووە و هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە بە تیرۆریستی ناساندنی ئەم سوپایە کە ئاسایشی بەدیهێناوە، بە جۆرێک تەقەکردنە لە لاقی خودی ئەورووپا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وێڕای جەخت لەسەر ئەوەی کە ئەو پەسندکراوەی پەرلەمانی ئەورووپا کاردانەوەی یاسایی و بەهێزی پەرلەمانی ئێرانی بەدواوە دەبێت، هۆشداریی ئەوەی دا کە پەرلەمانی ئەورووپا دەبێت بیر لە پاشهاتەکانی ئەو بڕیارەی بکاتەوە و تەرکیز بخاتەسەر دیپلۆماسی.
وتیشی: دەبێ لە دیپلۆماسیدا ڕێز لە ئاسایشی بەرانبەر بگیردرێت و لەجیاتی گرتنەبەری زمانی هەڕەشە و هەنگاوی بە دوور لە دۆستایەتی، بەرزکردنەوەی متمانەی بەرانبەر بخرێتە بەرنامەی کارییە.