هۆشداریی لە خراپی دۆخی دارایی نەخۆشخانەکانی گەرمیان دەدرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە گەرمیان نەخۆشخانە سیروان محەمەد


Jan 30, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان هۆشداریی دەدات لە خراپی دۆخی دارایی نەخۆشخانەکانی سنورەکە و دەڵێت: نەبونی پارە کاریگەری لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردوە، رەخنەش لە وەزارەتی تەندروستی دەگرێت.
د. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، بۆ کەی ئێن ئێن، ئاماژه‌ی بە خراپی دۆخی کەرتی تەندروستی سنورەکە کردوه‌ کە بەهۆی نەبونی نەختینەی پارەوە بەشێکی زۆری خزمەتگوزارییەکان سست بون و وەستاون.
وتیشی"بەهۆی دابیننەکردنی پارەی سوتەمەنی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، زۆربەی ئەنبوڵانسەکان لەکار وەستاون، ئەوە جگە لە وەستانی خزمەتگوزاری خواردن".
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان باسی لەوەکرد، رۆتیناتێکی زۆر لە کاروبارەکانیان دروست بوە کە دەبێت نوسراوەکان رەوانەی وەزارەتی تەندروستی بکرێت و دواتریش بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە لانی کەم نوسراوێک ماوەی دو مانگی پێ دەچێت بۆ وەڵامدانەوە، ناوبراو وەڵامی نوسراوێک بە نمونە دەهێنێتەوە کە لەم هەفتەیەدا بە دەستیان گەیشتوە و باس لە دروستکردنی لیژنەیەکی "بەپەلە و خێرا" دەکات بۆ روبەڕوبونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، لەکاتێکدا نوسراوەکە لە مانگی شەشی ساڵی رابردوە و ئێستا گەیشتوەتە دەستمان.
د. سیروان محەمەد کێشەکانی سنورەکەی بۆ رۆتیناتی زۆری دامەزراوەکان و نەبونی نەختینە و ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتی و پارتی گەڕاندەوە و دەڵێت: لەماوەی رابردودا کە نوسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستی کردوە لەبارەی کێشەکانەوە، پێیان راگەیاندوین کە ئەمە پەیوەندی بە ناوچەکەی خۆتانەوە هەیە و خۆتان لەوێ چارەسەری بکەن کە ئەمە ئاماژەیەکی خراپە بۆ گەڕاندەوە بۆ سەردەمی دو ئیدارەیی.
رونیشیکردوە، کە لە ماوەی سێ مانگی رابردودا پێشنیار و چارەسەریان بۆ گرفتەکان خستوەتەڕو، ئەویش لەرێگەی تەرخانکردنی داهاتی دو بۆ سێ رۆژی پەروێزخان لە مانگەکەدا بۆ تەندروستی گەرمیان و بەوەش سەرجەم کێشەکانی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان و پێداویستییەکانی دیکە چارەسەردەکرا، بەڵام پێشنیارەکەمان رەتکرایەوە.