هەر ماڵێک یان دامەزراوەیەک تەنکی غازی شلی هەبێت دەبێت ناو تۆمار بکات
(0) /
زایەڵە - بەمەبەستت جێبەجێکردنی بڕیاڕی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، تایبەت بە دانان و سیانەکردنەوەی سیستمی غازی شل (LPJ)، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوبەرو نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە.
ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی باسی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد کە کاری کۆمپانیاکانی دانان و سیانەکردنەوەی سیستمی غازی شل و کاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیاریکردووە.
قائیمقامی سلێمانی تەئکیدیکردەوە کە پێویستە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیان و ماڵی هاوڵاتیاندا تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیا تایبەتمەندەکان و هاوڵاتیان پابەند بن بە جێبەجێکردنییەوە.
بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێویستە هەموو کۆمپانیاکانی غازی شل مۆڵەت نوێبکەنەوەو پابەندی ئەو مەرج و رێنماییانە بن کە فەرمانگەکانی بەرگری شارستانی و کوالێتی کۆنتڕۆڵ و کۆنترۆڵی گەشەپێدانی پیشەسازی بۆیان دیاریدەکەن و چاودێری هەموو کارەکانیان و پشکنین بۆ موادەکانیان دەکرێت.
یەکێکیتر لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، هەر ماڵێک یان دامەزراوەیەک یان تەلار و باڵەخانەیەک تەنکی غازی شلی هەبێت پێویستە لە نزیکترین بنکەی بەرگری شارستانی ناو تۆمار بکات و پشکنین بۆ سیستمەکەی بکرێت، هەر ماڵێک نوسراوی ناوتۆمارکردنی پێنەبێت نابێت کۆمپانیاکان گازی پێبفرۆشن.
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەیەکی تایبەت دروست دەکرێت بۆ بەدواداچونی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و رێنماییانەی تایبەتن بە غازی شل.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: