زانكۆی هەڵەبجە دەستپێشخەرییەك بۆ كەیسی "كوردەوان" رادەگەیەنێت
(0) /
زایەڵە - پرۆفیسۆر دكتۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە داوادەکات هەمووان کەیسی (کوردەوان) بەکەیسی خۆیان بزانن و چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو كەیسە بدۆزنەوەو وەك سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجەش دەستپێشخەرییەك بۆ ئەو كەیسە رادەگەیەنرێت.
سەرۆكی زانکۆی هەڵەبجە لەمیانی لێدوانێك رایگەیاند، وەك سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە کەیسی (کوردەوان) بەکەیسی خۆیان دەزانن و دەخوازن هەمووانیش بەبێ جیاوازی بیروڕا و ئایدۆلۆژیا، دوور لەجیاوازییە سیاسی و ئاینییەکان ئەو كەیسە بە كەیسی خۆیان بزانن.
سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە داوای لە هەموو ڕێکخراو، کەسایەتییە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و تەواواوی چین و توێژەجیاوازەکانیش كرد، كە کاربکەن بۆ ساغکردنەوەی ناسنامەی (کوردەوان).
هاوكات سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە، ئاگاداری هەمووان دەکات، ڕۆژی یەک شەممە ١٩-٢-٢٠٢٣، سەعات ١٠ی بەیانی لەهۆڵی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو خەمخۆرانی ئەو کەیسە تا مافی ڕاستەقینە و تەواوی خۆی بۆ (كوردەوان ) دەگەڕێنرێتەوە.
سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە راشیگەیاند، پێشوازی لەهەر بەڕێزێک دەکەین بەشداربێت لەگەڵمان، بۆ ئەوەی بەزوویی چارەنووسی كوردەوان یەكلابكرێتەوە.
(كوردەوان) یاخود (هاوڕێ)، ماوەی ساڵێك زیاترە پێیڕاگەیەنراوە، كە منداڵی ونبووی هەڵەبجەیەو ساڵی 1988 لەلایەن ئەفسەرێكی ئەوكاتی سوپای عێراق براوەتە بەغداو دراوە بە خانەی بێ سەرپەرشتان، دواتر فرۆشراوە بە خانەوادەیەكی كوردی كەركوك، ئێستاش وەك منداڵێكی ونبوو، بەدوای خانەوادەكەی دەگەڕێت.
پێشتریش پرۆفیسۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا رایگەیاندبوو، ئەگەر (كوردەوان) قبووڵی بكات، ئەو وەك كوڕە گەورەی خۆی وەردەگرێتو بەڵێنیشدا وەك دایكێك هیچ جیاوازی لەنێوان ئەو و منداڵەكانی خۆی نەكات.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: