پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە پارتی یەکێتی کوردستان هەڵبژاردن


Mar 08, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم کۆدەبنەوە و لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گفتوگۆ دەکەن. ئەگەر دوو لایەنەکە بگەنە رێککەوتن، لە داهاتوودا بە شاندی هاوبەش سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکەن.
 ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی ئاداری 2023، هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە درێژەپێدەری کۆبوونەوەی رابردووە بۆ قسەکردن لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان." 
 ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردن
 دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کە پێشتر ناکۆکییان زۆر بوو ئێستا لێک نزیکبوونەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان لە کاتێکدا پێشتر لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەی یەک بازنەیی و فرەبازنەیی، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، تۆماری دەنگدەران، شێوازی دەنگی پێکهاتەکان ناکۆکییان هەبوو، ئێستا لە زۆرینەی خاڵەکاندا نزیکن لە رێککەوتن تەنیا دەنگدان بۆ کورسی پێکهاتەکان نەبێت.
 لە 111 کورسی پەرلەمانی کوردستاندا کۆتاکان خاوەن 11 کورسین. هیچ حیزیبێک بە فەرمی داوای کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکانی نەکردووە؛ ئەوەی هەیە ناکۆکییە لەسەر بازنە و شێوازی دەنگدانی پێکهاتەکان.
 یەکێتی داوایکردووە کورسی پێکهاتەکانیش بکرێنە چەند بازنەیەک؛ لەو 11 کورسییە چواریان لە پارێزگای سلێمانی بن و دووانیان بۆ تورکمانەکان کە ئەوان دەڵێن، رێژەیان لە سنووری پارێزگاکە و بەتایبەت قەزای کفری زۆرە؛ دووانەکەی دیکەشیان بۆ کریستیانەکان. پارتی دەڵێت، ئەوان لەگەڵ "داوای پێکهاتەکاندا"ن و پێکهاتەکان چییان بووێت ئەوان پەسندی دەکەن.
 لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتیدا ناکۆکی زۆر نییە، بەگوێرەی ئەوەی بەشێکی لایەنەکان بۆ چوونەکانیان هاوبۆچوونی یەکێتییە و چەند لایەنێکیش دەڵێن، "هەرچۆن بێت ئامادەی هەڵبژاردنن" یان نزیکن لە داوای پارتییەوە.
 جگە لە پارتی، یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە داوایانکردووە پێکهاتەکان تۆماری تایبەت بە خۆیان هەبێت و تەنیا خۆیان بتوانن دەنگ بە خۆیان بدەن، بەرپرسانی پارتی ئەوە رەتناکەنەوە، بەڵام دەڵێن: "کات کەم ماوە. دەکرێت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەمساڵدا، تۆمارێکی تایبەت بە پێکهاتەکان ئامادە بکرێت بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە." 
 دڵشاد شەهاب: پێش مانگی ئایار سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات
 بەهۆی بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنەوە، پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکردووەتەوە. بە گوتەی راوێژکارێکی باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دواخستنی هەڵبژاردن زیانێکی "زۆر"ی لە هەرێمی کوردستان داوە.
 دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی کردووە؛ بۆیە رۆژی هەڵبژاردنی دیاری نەکردووە؛ گوتیشی: "ئەگەریش رێکنەکەون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش مانگی ئایار رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات." 
 رۆژی 28-02-2023، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەولێر کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
 زانا مەلا خالید رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا لەسەر بابەتی بازنەکانی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و شێوازی هەڵبژاردن ناکۆکیمان هەبوو، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆکردنی تێر و تەسەل لەسەر زۆربەی هەرە زۆری خاڵەکان رێککەوتین و لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان دروستکردووە." 
 هاوکات لوقمان وەردی رایگەیاند: "لەسەر بابەتەکانی سیستمی چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و داتاکانی حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی کوردسییەکان بەسەر بازنەکاندا رێککەوتین."