نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز دەبێت
(0) /
زایەڵە - قائیمقامی سلێمانی وردەکاری دابەشکردنی نەوت و ئامادەکارییەکانی رۆژانی نەورۆزو رەمەزانی راگەیاند،باس لە چالاکییەکانی پشووەکانی نەورۆز کرا و فەرمانگە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکانیش ئامادەیی خۆیان راگەیاند.
لە دیوانی قائیمقامیەت بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی، لەکۆبونەوەیەکدا بەبەشداری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوبەری گشتی کارەبای سلێمانی و بەرێوبەرو نوێنەری پۆلیس و ئاسایش و هاتووچۆو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و یەکێتی زانایان و رێکخراوە مەدەنیەکان، قائیمقامی سلێمانی سەرەڕای پیرۆزبایی نەورۆز لە دانیشتوانی سلێمانی، باسی لە چالاکییەکان کرد کە لە رۆژی ١٧ی مانگەوە لە هەواری شارو گردی مامەیارەو بناری گۆیژەو شەقامی سالم و پارکی ئازادی و سەر چیای گۆیژە لەلایەن گروپی (ئین سلێمانی)و چەن کۆمەڵەیەکی هونەری بەرێوە دەچن و هەموو ئامادەکارییەکی ئەمنی و هاتووچۆو ئیداری بۆکراو پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بێتە شارەکەمانەوە.
بەپێی بەرنامەی کارەکان لە ئێوارەی نەورۆزدا لە مامەیارەو بناری چیای گۆیژەو شەقامی سالم ئاگری نەورۆز دەکرێتەوەو ئاهەنگی گۆرانی میوزیک و نمایشتی ئەسپسواری و پەڕەشوت و پیشاندانی فیلم و پێشانگای وێنەیی و ڤیستیڤاڵی خواردن و چالاکی تایبەت بە منداڵان بەڕێوە دەچێت، سەرەڕای ئەوانەش لە سەعات ١٠ی رۆژی ٢٠ی مانگدا ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی بە درێژایی ٢١ کم لە گۆیژە سیتییەوە بۆناو پارکی هەواری شار ئەنجام دەدرێت.
قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند بەهۆی ئەو چالاکییانەوە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە رۆژانی پشوودا سەردانی سلێمانی بکەن و لەرووی ئوتێل و چێشتخانەکانیشەوە ئامادەکاری کراوە.
لەبارەی خۆئامادەکردن بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزانیش رایگەیاندن بەتەواوی تواناوە ئامادەین بۆ پیرۆزڕاگرتنی ئەو مانگەو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان لیژنە هاوبەشەکان چالاکییەکانیان زیاتر دەکەن و لیژنەیەکیش پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف.
هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئامادەیی خۆیان پیشاندا پاراستنی هاوڵاتیان و بەرێوەچوونی ئەو چالاکییانە.
سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند ئەو بڕە نەوتەی پشکی شاری سلێمانی بوو لەرێگەی موختاری گەڕەکەکان و فەرمانگەی ئاماری سلێمانییەوە دابەشکراوە بەسەر (٤٣٨٥) خێزانی کەمدەرامەتدا و هەموو کەسێک دەتوانێت دەستی بگات وردەکاری دۆسییەی پرۆسەکە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: