هێشتا فراکسیۆنە شیعییەکان جێگرەوەیان بۆ دەقى حکومى تایبەت بە پشکى هەرێم پێشکەش نەکردووە
(0) /
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، هێشتا فراکسیۆنە شیعییەکان جێگرەوەیان بۆ دەقى حکومى تایبەت بە پشکى هەرێم پێشکەش نەکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئاڵا تاڵەبانى لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاى فەرمى حزبەکەى وتى: "دەقى حکومى ناو پڕۆژەکە تایبەت بە هەرێم هەردوو حکومەت و فراکسیۆنە کوردییەکان پێى رازین، ئەگەر لایەنەکانى تر بەتایبەتى شیعە پێی ناڕازین پێویستە دەقێکى جێگرەوەمان پێشکەش بکەن کە تا ئێستا پێشکەشیان نەکردووە".
وتیشى: "54 پەرلەمانتارى شیعە بۆچونێکیان هەیە، فراکسیۆنەکانى فەتح و سائیرون هەریەکە و لەلاى خۆى، سەرۆکى لیژنەى دارایی بۆچونێکى هەیە، بەڵام هێشتا بەفەرمى نەبوەتە بەدیل کە بخرێتە ناو پڕۆژەکە تا بڵێین لەگەَڵیداین یان نا، وە ئایا بە دوو بۆچوونەوە دەچینە ناو دەنگدان یاخود نا".
جەختیشی کردەوە، ئەوەى تا ئێستا جێگەى نیگەرانییە، ئەوەیە لایەنە شیعییەکان ناڕازین لەسەر دەقە حکومییەکە، بەڵام هێشتا هیچ دەقێکى جێگرەوەیان پێشکەش نەکردووە.
تاڵەبانى ئاماژەی بەوش دا کە قسەیان لەگەڵ سەرۆکایەتى پەرلەمان کردووە کە لە دانیشتنەکانى ئەم هەفتەیەدا پڕۆژەى بودجە یەکلایی بکرێتەوە.
تێبينيێك بنێرە: