بافڵ تاڵەبانی:  کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێ و ‎کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت

(0) / / کردستان / زایەڵە بافل تاڵەبانی نەوت سۆمۆ


Apr 02, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆكی یەكێتی لەسەر فرۆشتنی نەوتەوە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە ڕایگەیاند، کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت، ‎کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە و هەروەها، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و داهاتی عیراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بکرێت.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە، لەپێناو داهاتووی میللەتەکەمان و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێ . ‎کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە.

هەروەها، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و داهاتی عیراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بکرێت. ‎سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە عیراق و بەهەمان نرخ بدرێتەوە بە هاوڵاتیان، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی عیراق هەبێت و بەشێکبن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان.
‏‎
سەرۆكی یەكێتی هۆشداری دەدات و دەڵێت: ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی، قەوارەکەمان لاواز دەکات و هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە نەک کاری هاوبەش و داواکردنی مافەکانمان لە بەغدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رووبارێك خوێنی لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی كوردستان رشتووە و هیچ هێز و لایەنێك لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ كوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی، هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیكی و بەرپرسیارانە، رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەركردنی مافەكانمانە.
‏‎