شەپۆلێکی باران، بەفر و تەرزە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

(0) / اجتماعی


Mar 09, 2021

قەبارەی فۆنت:

شەپۆلێکی باران، بەفر و تەرزەبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "شەپۆلەکە لە رۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات".
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 10-3-2021 شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە سەرەتا ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و لە سەنتەری شارەکانیشدا نمەباران دەبارێت.
 لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە رۆژی پێنجشەممەوە ئاسمان زیاتر نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما 4-6 پلەی سیلیزی دەبن، هەروەها خێرایی با لە هەندێ ناوچە دەگاتە زیاتر لە 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. لە شەودا قۆناخی دووەمی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە کە سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە.
 بەپێی راگەێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان "رۆژی هەینی بارانبارینەکە بەخوڕتر دەبێت و لە هەندێ ناوچە لێزمەباران دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەگەری بەفربارین هەیە و لە هەندێ ناوچەش تەرزە دەبارێت".
 شەپۆلەکە تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی 12-3-2021 بەردەوام دەبێت.