سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان: پشتیوانی لە پرۆژە پیشەسازیەکان و دانانی کارگە دەکەین

(0) / اقتصادی


Mar 09, 2021

قەبارەی فۆنت:

بۆ تاوتوێکردنی داواکاری دانانی کارگە، لیژنەی باڵای پرۆژە پیشەسازیەکانی ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ (٩ی ئازار) کۆبوەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و سەرۆکی لیژنەکە لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، کەرتی پیشەسازی یەکێکە لە کەرتە گرنگەکان بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات، بەداخەوە بەھۆی قەیرانی دارایی حکومەتی ھەرێم نەیتوانی کارەکانی شاری پێشەسازی لە پارێزگاکان تەواو بکات کە پلانی بۆ دانابوو، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا ئێمە لە گەرمیان رانەوەستاوین و بەپێی رێنماییەکان بە دیاریکردنی ١٠٠ دۆنم زەوی پشتیوانی لە پرۆژە پیشەسازیەکان دەکەین کە چەندین داواکاری بۆ دانانی کارگە لەلایەن لیژنەکەمانەوە پەسەند کراوە.
ووتیشی، ئامانج لەکۆبونەوەی ئەمڕۆمان بەدواداچونە بۆ ئەو مامەڵانەی کارگە جیاوازەکان لە ناوچەی پیشەسازی ناسراوە بە (١٠٠) دۆنمەکە کە زەویان بۆ تەرخان کراوە و تا ئێستاش دەستبەکار نەبوون.بەڵکو جارێکی تر تەرخانکردنەوەی ئەو زەویانەیە بۆ داواکاری نوێ کاری لەپێشینەی لیژنەکەمان دەبێت.
ھاوکات سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ ئەوە مەبەستە ریکاری پێویست بگرنەبەر.
لای خۆشیانەوە ئەندامانی لیژنەکە، سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر ناوچەی پیشەسازیەکە بەگشتی و داوای داواکارانی دانانی کارگە خستەڕوو و جەختیان لە گرنگی بڕیارەکانی لیژنەکە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان کردەوە.
ناوچەی پیشەسازی (١٠٠ دۆنمەکە) تەرخانکراوە بۆ دانانی ١٦ کارگەی گەورە بەشێکیان دەستبەکاربوون و سەرقاڵی دانانی کارگەن و بەشەکەی تریشیان تاکو ئێستا دەستیان بەکارەکان نەکردووە.
کامەران کەریم