لە ڕۆژانی جەژندا پێشبینی هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران دەكرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە گەشتیار جەژن ڕەمەزان


Apr 20, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت پێشبینی دەكەین لە ڕۆژانی جەژندا ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران سەردانی هەولێر بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە چەندین لیژنەمان پێكهێناوە و لیژنەكانیش ئێستا كار دەكەن و ڕۆژانە لەگەڵ هۆتێل و مۆتێلەكان لەسەر هێڵن و خواردنگە و ئەو شوێنە گەشتیارییانە بەسەر دەكەنەوە كە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشكەش دەكەن. 

 

دلێر محەمەدبەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بەزایەڵەی  ڕاگەیاند، ساڵانە لە جەژنەكاندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ڕوو لە پارێزگەی هەولێر دەكەن و بەهۆیەوە لۆدێكی زۆر دروست دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە بۆ ئەمساڵ هەوڵمانداوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ زۆربەی زۆری چێشتخانەكان هەبێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژن چێشتخانەكانیان كراوە بن و بە باشی پێشوازی لە گەشتیاران و خزمەتگوزارییان پێشكەش بكەن.

سەبارەت پێشبینی هاتنی ژمارەی گەشتیارانیش بۆ هەولێر.

 

وتیشی،  ئێمە لە ماوەی مانگ و نیوی ڕابردوودا سەردانی شاری بەغدامان كرد و لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی و زۆربەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان كۆبووینەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەكی ئارام بۆ گەشتیاران دروست بكەین، ئەمە جگە لەوەی ئێمە پەیوەندی و هەماهەنگی زۆر باشمان لەگەڵ بازگەكان هەیە بۆ ئەوەی زۆرترین ئاسانكاری بۆ ئەو گەشتیاران پێشكەش بكەن كە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكەن. 

 

دلێر محەمەد گوتیشی، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ جەژنی نەورۆز لەگەڵ مانگی ڕەمەزان هاوكات بوون، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەمساڵ لۆدەكە زیاتر بێت و ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە خەڵێكی زۆر لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقەوە دەیانەوێت پشووەكانیان لەناو سرووشتی جوانی كوردستان بەسەر ببەن.

 

کامەران کەریم