زانکۆی سلێمانی بۆ خوێندکارەکانی: هێنانی میوان و کەسوکار بۆ رێورەسمی وێنەگرتن قەدەغەیە

(0) / / کردستان / زایەڵە زانکۆ ئاهەنگ گێڕان


May 11, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی پێنج بڕیاری نوێی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی وێنەرگرتنی دەرچووانی زانکۆکە دەرکرد، لەوانە چیتر رێگەنادرێت خوێندکاران میوان و کەسوکارەکانیان بۆ ئاهەنگی دەرچوونیان بانگهێشت بکەن.

د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، لەپاش بەدواداچوون وهەڵسەنگاندێکی ورد بۆ رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی ئەم ساڵی خوێندن لەناو کەمپەسەکانی زانکۆ بەتایبەت دوای گوێگرتن لەگلەیی خوێندکاران و کەسوکاریان و مامۆستایان و کارمەندانی پرسگە و باخچەکان، وە لە پێناو پاراستنی پاکوخاوێنی، سەوزایی، ئارامی و هاتوچۆی ناو کەمپەسی زانکۆ لەلایەک و کەمکردنەوەی ئەرکی دارایی سەرشانی کەسوکاری خوێندکاران و بەدەستهێنانی جۆرێک لە دادپەروەری بۆ خوێندکاران، پێنج بڕیار بۆ رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوون بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو (٢٠٢٣-٢٠٢٤) دەرکران.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بڕیارەکان بریتیین لەمانە: 

١- وێنەگرتنی دەرچوون لەناو کەمپەس تەنها بە ئامادەبوونی (خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی و مامۆستایانی کۆلێج) دەبێت

٢- هێنانی میوان و کەسوکار بۆ ناو کەمپەسەکانی زانکۆ بۆ بەشداری رێوڕەسمی وێنەگرتن رێگەپێنەدراوە

٣- رازاندنەوەی مێز وکورسی وهێنانی کۆمپانیای دیکۆرات ودیاری ودانانی خواردن وخواردنەوە وشیرینی وئاهەنگ گێڕان لەناو کەمپەس رێگەپێنەدراوە

٤- بەهیچ جۆرێک رێگە بەهێنانە ژورەوەی ئۆتۆمبێل بۆ ناوکەمپەس نادرێت لەژێر ناوی وێنەگرتن

٥- داواکردنی وێنەی دەرچوون لەلای وێنەگری زانکۆ کارێکی ئارەزومەندانەیە بۆ خوێندکاری دەرچوو.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، خوێندکارانی دەرچوو دەتوانن ئاهەنگ وکاتەخۆشەکانی خۆیان لەگەڵ کەسوکارییان لە دەرەوەی کەمپەسی زانکۆ بەسەربەرن.

 

کامەران کەریم