ئه‌ردۆغان: "براوه‌ ته‌نها ئێمه‌ نیین به‌ڵكو براوه‌ توركیا و گه‌له‌كه‌مانه‌"

(0) / / ترکیه / زایەڵە تورکیا ئەردۆغان


May 29, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرکۆماری تورکیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "هاوشێوه‌ی هه‌موو ئیراده‌یه‌كی گه‌له‌كه‌مان، ئه‌م ئه‌نجامه‌ش له‌سه‌ر سه‌رمانه‌. براوه‌ ته‌نها ئێمه‌ نیین. براوه‌ توركیایه‌، براوه‌ گه‌له‌كه‌مانه‌ به‌ هه‌موو چینه‌كانییه‌وه‌، براوه‌ دیموكراتییه‌كه‌مانه‌".

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئانادۆڵۆ، دوای ئه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندرا كه‌ به‌پێی ئه‌نجامه‌ كاتییه‌كانی دامه‌زراوه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن، وه‌ك سه‌ركۆمار هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گوتارێكی پێشكه‌شی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ كرد كه‌ له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار گردببوونه‌وه‌.

 

ئه‌ردۆغان ئاشكرایكرد ٣٢٠ هه‌زار كه‌س ئاماده‌ی گوتاره‌كه‌ین و گوتی:"ئێوه‌ هاوپه‌یمانیی جمهوورتان شه‌رمه‌زار نه‌كرد. نه‌تانهێشت هاوپه‌یمانیی جمهوور له‌م رێگه‌یه‌دا به‌ته‌نها بێت".

 

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، هیچ گرفتێك كه‌ شایه‌نی باسكردن بێت له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا رووینه‌داوه‌ و بێ كێشه‌ كۆتاییهاتووه‌.

 

ئه‌ردۆغان ئاشكرایكرد، به‌پێی ئه‌نجامه‌ نافه‌رمییه‌كان، گه‌ل ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵی دیكه‌ به‌وان داوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاند:

 

"سوپاسی تاك به‌ تاكی گه‌له‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ دووباره‌ ئێمه‌یان به‌ شایه‌نی به‌رپرسیارێتیی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات زانی. سوپاسی هه‌ر هاووڵاتییه‌كمان ده‌كه‌م كه‌ چ له‌ ١٤ی ئایاردا، یان له‌ ٢٨ی ئایاردا، ده‌نگیان به‌ هه‌ر پارتێك یان كاندیدێك دابێت، له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چووه‌ته‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان، خاوه‌نداریی له‌ ئیراده‌ی كردووه‌ و هێزی دیموكراسیمانی سه‌لماندووه‌. له‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین هه‌ڵبژاردنه‌كانی ژیانی سیاسیی فره‌حزبیماندا، گه‌له‌كه‌مان بڕیاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ده‌ی توركیا داوه‌".

 

سه‌ركۆماری توركیا راشیگه‌یاند: "هاوشێوه‌ی هه‌موو ئیراده‌یه‌كی گه‌له‌كه‌مان، ئه‌م ئه‌نجامه‌ش له‌سه‌ر سه‌رمانه‌. براوه‌ ته‌نها ئێمه‌ نیین. براوه‌ توركیایه‌، براوه‌ گه‌له‌كه‌مانه‌ به‌ هه‌موو چینه‌كانییه‌وه‌، براوه‌ دیموكراتییه‌كه‌مانه‌. ئه‌گه‌ر بیرتان بێت، له‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێكدا، كه‌ بردوومانه‌ته‌وه‌، گوتبوومان كه‌ هیچ كه‌س له‌ وڵاته‌كه‌ماندا نادۆڕێت. دیسان به‌ هه‌مان شێوه‌، گوتبوومان كاتێك ئێمه‌ ده‌یبه‌ینه‌وه‌، تاكه‌ دۆڕاو، خاوه‌نی سیناریۆ چه‌په‌ڵه‌كان و ته‌واوكاره‌كانیان له‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و سووخۆره‌كانن. ئێستا لێره‌وه‌ هه‌مان به‌ڵێن جارێكی دیكه‌ ده‌ڵێینه‌وه‌. ئه‌مڕۆ هیچ كه‌س نه‌دۆڕاوه‌، هه‌ر ٨٥ ملیۆنه‌كه‌ بردوویه‌تییه‌وه‌. وه‌ك به‌شێك له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌ ئێمه‌ی داوه‌، دڵشكاو، زیز، توڕه‌ نیین له‌ هیچ كه‌سێك. ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رجه‌م مشتومڕ و ململانێكانی قۆناغی هه‌ڵبژاردن وه‌لا بنێین و كاتی یه‌كبوون و یه‌كگرتنمانه‌ له‌ ده‌وری ئامانجی نیشتمانیی و خه‌ونی نیشتمانییمان".

 

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گوتیشی:

 

"ئێستا لێره‌ من پسپۆڕی حسابات نیم به‌ڵام وابزانم هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ حساباتی پسپۆڕی حساباتدا هه‌یه‌. له‌ ساڵی ٢٠١٨دا ژماره‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی جه‌هه‌په‌ ١٤٦ بوو. حسابی ده‌كه‌ین. له‌ ساڵی ٢٠٢٣دا بووه‌ته‌ ١٦٩. وه‌ك ده‌زانن زیادیكردووه‌. به‌ڵام لێره‌دا په‌رله‌مانتاری كرێ هه‌ن. ٤٠ په‌رله‌مانتاری كرێ. چی كرد؟ ئه‌و پارتانه‌ی كه‌ له‌سه‌دا ١ی ده‌نگه‌كانیان هێناوه‌، ٤٠ دانه‌ په‌رله‌مانتاری كرێی دانێ. ژماره‌كه‌ بۆ چه‌ند دابه‌زی؟ بۆ ١٢٩. له‌ ١٤٦ه‌وه‌ بۆ ١٢٩. ١٧ په‌رله‌مانتار كه‌میكردووه‌".