دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق: درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستووری نییە
/
کردستان
/
دادگەی باڵای فیدراڵیی
پەرلەمانی کوردستان
زایەڵە
زایەڵە - دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە کۆبووەوە و بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە. یەکێک لە سکاڵاکارەکان دەڵێت، لە 6-11-2022ـەوە هەر بڕیارێک لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووبێت "نایاسایی و نادەستوورییە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، دوای ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون.
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی "ناکۆکبوونی" لەگەڵ هەردوو مادەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە، "مافی دەستووری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."
جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەقی بڕیارەکەی خوێندەوە و رایگەیاند، "بڕیاردان بە نادەستووریبوونی یاسای بەردەوامبوونی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ژمارە 12ی ساڵی 2022 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانی عێراقەوە کە لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە ژمارە 11 لە 09-10-2022 دەرچووە؛ بەو پێیەی ماوەی خولی پێنجەم پەرلەمانی کوردستانی عێراق تەواو دەبێت لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی یاسایی کە دیاریکراوە بەپێی مادەی 51 لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، بەپێی مادەی 3 لە یاسای ژمارە 5ی ساڵی1998 یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992دا. هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە."
تێبينيێك بنێرە: